گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لە ڕۆما کۆتایی هات

بە گوێرەی میدیاکانی ئێران دانوستانەکانی گەڕی دووەمی نێوان واشنتن و تاران لە کەشێکی ئەرێنی و بنیاتنەر بەڕێوەچوو.

شەممە 19ـی نیسانی 2025، میدیاکانی ئێران بڵاویان کردەووە، کەمێک پێش ئێستا گەڕی دووەمی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمی تاران لە نێو باڵیۆزخانەی عوممان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتاڵیا کۆتایی هات.

بەگوێرەی زانیاری میدیاکان، دانوستانەکان ئەرێنی بوون  و لە کەشێکی بونیاتنەرانە بەڕێوەچوو.

هاوکات میدیاکانی ئێران ئاماژەشیان داوە، دانوستانەکە چوار کاتژمێری خەیاندووە.

لای خۆیەوە عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، دوای کۆبوونەوەکە ڕایگەیاند، بەر لە دەستپێکردنی گەڕی سێیەمی دانوستانەکان لە شەممەی داهاتوو لە عوممان، هەردوو لایەن لە سەر ئاستی تەکنیکی لە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو لە 23ـی نیسانی 2025 کۆدەبنەوە.

باسی لەوەش کرد، ئەنجامی کۆبوونەوەی چوارشەممە کە لەلایەن لێژنەی تەکنیکی و پسپۆرییەکانی هەردوو لا بەڕێوەدەچێت، ڕۆژی شەممەی داهاتوو هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت. 

هەروەها ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ئێران بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، دانوستانەکان لە دوو ژووری جیاواز بەڕێوەچوو. گوتیشی: زانیارییەکانی نێو دانوستانەکە لەلایەن بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، بۆ هەردوو شاندەکە دەگوازرایەوە.

دوێنی هەینی 18ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مەبەستی بەشداریی لە دانوستان لەگەڵ شاندی ئەمەریکا، گەیشتە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا.

بە پێی زانیارییەکان، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی هەفتەی ڕابردووی نێوانیان، ئەرێنی بوون، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی دانوستانەکان بۆ مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتن کردووەتەوە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment