عراقچی: گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی تاران و واشنتن لەسەر ئاستی تەکنیکی دەبێت

وەزیری دەرەوەی ئێران، دەڵێت: چوارشەممەی داهاتوو گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان تاران و واشنتن لەسەر ئاستی تەکنیکی بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ شەممە 19ـی نیسانی 2025، شاندی ئێران بە سەرۆکایەتیی عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکە و لەگەڵ شاندی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتیی ستیڤ وتیکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ، بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەنێو باڵوێزخانەی عوممان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا دانوستانیان ئەنجام دا.
دانوستانەکە کاتژمێر 9:30ـی بەیانی دەستی پێکرد و نزیکەی چوار کاتژمێری خەیاند، هەردوو وڵات لەسەر بەرنامەی ئەتۆمیی تاران گفتوگۆیان کرد.
عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لەبارەی دانوستانەکانی تاران و واشنتن وەڵامی مێدیاکانی وڵاتەکەی دایەوە و گوتی: دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات لە کەشێکی ئەرێنی و بنیادنەر بەڕێوەچوو.
وەزیری دەرەوەی ئێران، ئاماژەی بەوە کرد، لە ڕۆژی چوارشەممەی داهاتوو 23ـی نیسان، هەردوو وڵات لەسەر ئاستی تەکنیکی لە عوممان دانوستان دەکەن.
بو گوتەی عیراقچی، لە ڕۆژی شەممەی داهاتوو 26ـی نیسان، ئەنجامی کۆبوونەوەی چوارشەممەی تیمە تەنکییەکانی هەردوو وڵات، هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێت و بڕیاری لەبارەوە دەدرێت.
هاوکات دەڵێت: هۆکارێک بۆ گەشبینی و ڕەشبینی نییە، هەروەها تیمەکانی هەردوولا چوارچێوەیەکی گشتیی بۆ ڕێککەوتن دادەنێن.
هەر لەبارەی دانوستانەکانی نێوان هەردوو وڵات، ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند، دانوستانەکە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ بوو و لە دوو ژووری جیاواز بەڕێوەچوو.
هەروەها باسی لەوە کرد، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، گوتەکانی هەردوو شاندی بۆ یەکتر دەگواستەوە و زانیارییەکانی نێوانیانی ئاڵوگۆڕ دەکرد.
لای خۆیەوە بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئامانجی دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، هەڵگرتنی سزاکانی سەر ئێرانە.
سەرنجی بۆ ئەوەش راکێشا، شاندەکانی ئەمەریکا و ئێران هاوڕابوون لەسەر ئەوەی درێژە بە دانوستانەکانی نێوانیان بدەن، تا لە قۆناغەکانی داهاتوو بگەن بە ڕێککەوتنێکی دادپەروەرانە.
دوێنی هەینی 18ـی نیسانی 2025، عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بۆ مەبەستی بەشداریی لە دانوستان لەگەڵ شاندی ئەمەریکا، گەیشتە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا.
بە پێی زانیارییەکان، دانوستانە ناڕاستەوخۆکانی هەفتەی ڕابردووی نێوانیان، ئەرێنی بوون، هەردوولا جەختیان لە بەردەوامی دانوستانەکان بۆ مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتن کردووەتەوە.