سەرما و باران زیانێکی زۆری بە باغەکانی میوەی شنۆ گەیاندووە

سەرما و باران زیانێکی زۆری بە باغەکانی میوەی شنۆی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گەیاندووە. جووتیارانیش داوای قەرەبووکردنەوە دەکەن و دەڵێن: کەس هاوکاریمان ناکات.

ئەو شەپۆلە باران و سەرمایەی لە ماوەی ڕابردوودا ناوچەی شنۆی پارێزگای ورمێی ڕۆژهەڵاتی کوردستان گرتەوە، زیانێکی زۆری بە باغەکانی میوە گەیاندووە، لەوانە باغەکانی سێو، خۆخ، قەیسی، گوێز، گێلاس و جۆرەکانی دیکەی میوە کە تازە گوڵیان دابوو. جووتیارانیش کە لە کۆمپانیاکانی دەستەبەری زیان، باغەکانی خۆیان تۆمار کردووە، داوای قەرەبوو دەکەنەوە.

سمایل پاکزاد، جووتیارێکی ناوچەی شنۆیە و گوتی: "سەرماکە زیانێکی زۆری پێگەیاندووین و زۆرینەی بەرهەمەکەمان لەناوچووە کەچی کەس نییە قەرەبوومان بکاتەوە. دەچییە هەر شوێنێک، بە دەست بەتاڵی دەگەڕێینەوە."

شەهاب ڕەشیدوەند، جووتیارێکی دیکەی دەڤەرەکەیە و ئاماژەی بەوە کرد "دەستەبەر بۆ ڕۆژێکی ئاوایە، کەچی ئێستا نە وەزارەتی کشتوکاڵ و نە کۆمپانیاکانی دەستەبەری، وەڵام نادەنەوە. تەنانەت بۆ پێدانی پەین و پێداویستییەکانی دیکەش هاوکاریمان ناکەن."

بەشی هەرە زۆری ئابووریی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، بەتایبەتی پارێزگای ورمێ لەسەر داهاتی کشتوکاڵ و باغداری خۆی ڕاگرتووە، بەڵام گۆڕانی کەشوهەوا و وشکەساڵیی بەردەوام هەروەها بەڕێوەبردنی بەهەڵەی ئاو لە ناوچەکەدا لەم ساڵانەی دواییدا زیانی بە ئابووریی ناوچەکە گەیاندووە و ڕووداوی لەناکاوی سروشتییش هەڕەشەیە لەسەر کشتوکاڵ و باغداریی لە ناوچەکەدا.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment