کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان: ڕوفاتی شەهیدەکانمان بدەنەوە
کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان، داوای ڕوفاتی کەسوکارە ئەنفالکراوەکانیان دەکەن، حکوومەتی عێراقیش بە بەرپرسیار دەزانن لە نەدانەوەی ڕوفاتی ئازیزانیان.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، مەلا هاوار ستار، یەکێک لە کەسوکاری ئەنفالکراوان بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "پەیامی ئێمە بۆ دەزگای شەهیدانی عێراق ئەوەیە پێیان ڕابگەیەنین، کە ئەوان بەرپرسی یەکەمن لەوەی هێشتا ڕوفاتی ئەنفالکراوان نەگەڕێنراونەتەوە کوردستان. چونکە ڕوفاتی ئەنفالکراوان لە خاکی عێراقدایە، لە بیابانەکانە لە ژێر دەسەڵاتی ئەم دامەزراوەدایە. تاکوو ئێستە لە سەدا 1ـی ڕوفاتی ئەنفالکراوان نەگەڕینراونەتەوە کوردستان."
دەشڵێت: جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوان ماف و ئیمتیازی شەهیدی عێراق و شەهیدی ئەنفالکراو؛ لەگەڵ ئەوەش دا بە فەرمی لە دەزگای شەهیدانی عێراق ئەنفال تۆمار نەکراون.
هاووڵاتییەکی دیکەی خەڵکی چەمچەماڵ کە کەسوکارەکەی ئەنفال کراون، دەڵێت: دەمانەوێت بزانین حکوومەتی عێراق تاکەی پابەندی بڕیارەکانی دادگای باڵای تاوانەکان نابێت؟ تاکەی داوای لێبووردنمان لێ ناکات و قەرەبوومان ناکاتەوە؟ بە منداڵیی کەسوکارمان بەر شاڵاوی ئەنفال کەوتن، ئێستا کە بووین بە باپیرە، ژمارەی ئەو ڕوفاتانەی گەڕێنراونەتەوە کوردستان، ناکاتە ژمارەی قوربانیانی 10 گوندی ئەنفالکراوی گەرمیان، بۆیە چیتر ئارام ناگرین و داوای مافی خۆمان دەکەین.
ئەو هاووڵاتییە هەروا گوتی: داوا دەکەین حکوومەتی عێراق وەک شەهیدانی عێراق، هاوکاریی کەسوکاری ئەنفالکراوان بکات، داواش دەکەین ڕوفاتی کەسوکارمان بداتەوە چیتر پێویست ناکات لە پزیشکیی داد و بیابانەکانی ئەواندا بمێننەوە.
