حزبی دەعوەی عێراقی، ئەحمەد شەرع بە ناتانیاهۆ دەچوێنێت

حزبی دەعوەی عێراقی "خوێنی عێراقییەکان هەرزان نییە"

حزبی دەعوەی ئیسلامیی عێراق هێرش دەکاتە سەر بانگهێشتی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا بۆ کۆبوونەوەی لووتکەی عەرەبی کە بڕیارە لەبەغدا بەڕێوە بچێت، جەختیشی کردەوە، خوێنی عێراقییەکان هەرزان نییە.

یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، حزبی دەعوەی ئیسلامی لە عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە "عێراق چاوەڕوانی لووتکەی عەرەبییە کە لە بەغدا بەڕێوە دەچێت، ئەوەش گۆڕانێکی چۆنایەتی دەبێت لە کاری هاوبەشی عەرەبی و ڕووبەڕووبوونەوەی ئالنگاریەکان، هەروەها دەرەنجامەکانی بەرز دەبێتەوە بۆ ئەو ئاستەی کە گەلانی عەرەب چاوەڕێی دەکەن، بەتایبەتی لە پاڵپشتیکردنی دۆزی فەڵەستین و کۆتاییهێنان بە ئازارەکانی خەڵکی غەززە و  بەردەوامیی نەهامەتەکانیان لە ئەنجامی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی ئیسرائیل."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە "لەکاتێکدا ئێمە دان بەوەدا دەنێین کە ڕەشنووسی کۆمکاری عەرەبی و پابەندبوون پێیەوە، پێویستی بە بانگهێشتکردنی هەموو وڵاتان هەیە بەبێ جیاوازی، بەڵام زۆر گرنگە هەرکەسێک لە هەر ئاستێکدا، لە لووتکەی عەرەبی بەشدار دەبێت، پێویستە پێشینەی تاوانی نەبێت، جا عێراقی بێت یان نێودەوڵەتی. ئەمەش ئەوەیە کە یاسا نێودەوڵەتییەکان دیاری دەکات، بەو پێیەی "خوێنی عێراقییەکان هەرزان نییە" کەسێک بانگهێشتی بەغدا بکرێت، پێشێلکاریی بەرانبەر عێراقییەکان کردبێت، یان پێشوازیی لە کەسێک کە بەشدار بووە لە تاوانەکانی دژ بەگەلی عێراق."

ئاماژە بەوەش دراوە "سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل 'بنیامین ناتانیاهۆ' ناتوانێت سەردانی زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپا بکات، بەهۆی بڕیارەکەی دادگای تاوانی نێودەوڵەتی دژی ئەو، هەروەها حکوومەتەکان ڕەتیان کردووەتەوە پێشوازیی لێ بکەن، ئەمەش لەبەرچاوگرتنی هەستی گەلەکەیان و پابەندبوون بە بڕیاری دادوەری نێودەوڵەتییەوە."

جەتیش کراوەتەوە "پێویستە ئەوە لە عێراقیشدا بەرانبەر ئەو کەسانەی دەستیان لە تاوانەکانی دژ بەڕۆڵەکانیدا هەیە، بکرێت؛ ئەمەش ڕیزگرتنە لە خوێنی عێراقییەکان و وەفایە بۆ ئەوانەی لە پێناو خاک و کەرامەتدا شەهید بوونە."

هەفتەی ڕابردوو، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، بەفەرمی ئەحمەد شەرع، سەرۆک کۆماری سووریا بۆ بەشداریی لە لووتکەی عەرەبی لە بەغدا، بانگهێشت کرد.

سوودانی، لە سەردانێکی ڕانەگەیەندراودا، لە قەتەرە، لەگەڵ ئەحمەد شەرع کۆبووەوە و چەندین بابەتی ئەمنی و ئابوورییان تاوتوێ کرد.

پیشتر د. فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، ڕایگەیاند، ڕۆژی شەممە، 17ـی ئایاری 2025، لووتکەی عەرەبی لە بەغدا بەرێوە دەجێت. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment