ئەو منداڵەی چوار سەگ لە هەولێر پەلاماریان دا قسە بۆ کوردستان24 دەکات

بڵند، منداڵێکی تەمەن 7 ساڵی قۆناغی یەکەمی بنەڕەتییە لە هەولێر، لە کاتی گەڕانەوەی لە قوتابخانە، چوار سەگی بێلانە پەلاماریاندا و سەدا 40ـی پێستی سەریان لێ کردەوە.

چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، باوکی بڵند درەنگتر دەچێتە دوای کوڕەکەی لە قوتابخانە، کە دوا دەکەوێت، بڵند ئۆقرەی نامێنێت و بەخۆی ڕێگەی چوونەوەی ماڵ دەگرێتە بەر، لە ڕێگا چوار سەگ بۆی دێن، بڵندیش لە ترسی گیانی خۆی، خۆی دەخاتە نێو ڕێڕەوێکی ئاوەڕۆ بۆ ئەوەی خۆی لە پەلاماری سەگەکان بپارێزێت، بەڵام کە بڵند لەگەڵ ئاوی ئاوەڕۆکەوە لە لایەکی دیکەی ئاوەڕۆکەوە دێتە دەرەوە، هەر چوار سەگەکە پەلاماری دەدەن و سەدا 40ـی پێستی سەری لێ دەکەنەوە.

باوکی بڵند بۆ کوردستان24 گێڕایەوە و گوتی: ئەو کاتەی سەگەکان پەلاماری بڵندیان داوە، ئافرەتێک لە لێواری ئاوەڕۆکە تێپەڕیووە و بینیوویەتی سەگەکان پەلاماری بڵند دەدەن، هاواری خەڵکی کردووە بەهانای  منداڵەکە بێن و لە چنگی سەگەکان ڕزگاری بکەن، بەڕێکەوت ئۆتۆمبێلێکی پۆلیس بەوێدا تێپەڕ دەبێت و ئافرەتەکە دەبینن هاواری فریاکەوتنی خەڵک دەکات، دەگەنە سەر ئاوەڕۆکە و پێنج فیشەک دەتەقێنن بۆ ئەوەی سەگەکان لە بڵند دوورکەونەوە، بەو شێوەیە سەگەکان واز لە بڵند دێنن.

بڵند خۆی بە کوردستان24ـی گوت: چوار سەگ پەلاماریان دام، لە سەگ دەترسم، ئەوان زۆر پیس بوون، گەزەیان دەهاوێشت.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: لە سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵدا152 حاڵەتی پەلاماردانی سەگ تۆمارکراوە، لەو ژمارەیەدا مانگی یەکەم 58 حاڵەت، مانگی دووەم 54 حاڵەت، مانگی سێیەم 40 حاڵەت بووە.

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی ڕۆژئاوای هەولێر ئاشکرای کرد، پار 628 حاڵەتی پەلاماردانی سەگ تۆمار کراوە، بەمەش بۆ هەر ڕۆژێک دوو حاڵەت هەبووە، لە مانگێکیشدا 50 بۆ 60 حاڵەت هەبووە.

باوکی بڵند بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: بە نەشتەرگەری، پێستی ڕانی بڵند لێ کراوەتەوە، لەسەری دراوەتەوە، لە شوێنی پەلاماردانی سەگەکان کە سەدا 40ـی پێستی سەریان لێ کردووەتەوە، داواش دەکات، لایەنە پەیوەندیدارەکان لە پارێزگای هەولێر چارەی ئەو کێشەیە بکەن.

 

 

Fly Erbil Advertisment