ئامادەکاریی هێرشی زەمینی بۆ سەر حووسییەکان دەکرێت

لاوازیی هەژموونی ئێران لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەرفەتی خستووەتە بەردەم حکوومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی لە یەمەن تا بە پاڵپشتیی هێزی ئاسمانیی ئەمەریکا و هاوکاریی لۆجیستی وڵاتانی کەنداو، هێرشی زەمینی دژی حووسییەکان لە یەمەن دەست پێ بکەن. هەڵمەتەکە لە پارێزگای حودەیدەوە دەست پێ دەکات بەرەو سەنعای پایتەخت.

ئەحمەد هەزاع، چاودێری سیاسی بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەڕای من حووسییەکان لەم کاتەدا زۆر لاواز کراون، چونکە ئەمەریکا بەردەوام گورزی سەربازییان لێ دەوەشێنێت، بەهۆی ئەو دەستدرێژیانەی دەیکەنە سەر کەشتییە بازرگانییەکان لە دەریای سوور، ئێستاش ئەرکی یەمەنییەکانە دەوڵەت بۆخۆیان بگێڕنەوە."

تارق ساڵح، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەمەنی گوتی: بەم زوانە کۆبوونەوەیەکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و حکوومەتی ڕزگاریی نیشتیمانی بەڕێوە دەچێت، پشتیوانی هەر جۆرە دەستپێشخەریەک دەکەین لە پێناو ڕزگارکردنی یەمەن، داواش لە هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەکەین هاوکاربن لە ڕزگارکردنی وڵاتەکەمان لە چەتە حووسییەکان.

هەر جۆرە گورزوەشاندنێکی زەمینی لە حووسییەکان ورد و بەهێز دەبێت، چونکە دۆسییەی یەمەنی کاریگەری لەسەر دۆسییەی ناوچەکە هەیە، ئێستاش بڕیاری قورس پێویستە بدرێت لە پێناو داهاتووی وڵاتدا.

لەنێوان توندبوونەوەی گرژییەکان و ئامادەکاری بۆ لێدانی حووسیەکان بە هێرشی زەمینی، یەمەنییەکان لەبەردەم دوو ڕیێانێکدان؛ یەکەمیان یەکلایکردنەوەی دۆسیەی حووسییەکان بۆ هەمیشە، یاخود کردنەوەی دەرگای شەڕێکی دیکە لە وڵات، شەڕێک کەس نازانێت کەی کۆتایی دێت و دەرئەنجامەکانی چی دەبێت.

پەیامنێر/ ئەیمەن قائید