شاندی دەم پارتی بۆ جاری چوارەم سەردانی ئۆجەلان دەکەن
دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، شاندی دەم پارتی بەرەو ئیمراڵی بەڕێ کەوتن بۆ ئەوەی لەگەڵ ئۆجەلان کۆ ببنەوە.
بەگوێرەی میدیاکانی تورکیا، شاندەکەی دەم پارتی پێک هاتووە لە پەروین بوڵدان و پارێزەر فایەق ئۆزگور ئەرۆل. پەروین بۆ جاری چوارەمە سەردانی عەبدوڵلا ئۆجەلان. ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە ئیمراڵی دەکات.
ڕۆژی پێنجشەممە، 10ـی نیسان 2025، ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا و سەرۆکی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاک پارتی) پێشوازیی لە شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) کرد.
شاندی دەم پارتی لە سڕری سوورەیا ئۆندەر، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی پێک هاتووە. تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکەش، پرۆسەی نوێی ئاشتییە لە تورکیا و باکووری کوردستان بوو،
میدیاکانی تورکیا بڵاویان کردەوە، دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ ئەردۆغان، شاندی دەم پارتی سەردانی دوورگەی ئیمراڵی دەکەنەوە و بۆ چوارەمین جار چاویان بە عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەکەوێتەوە.
میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەش کردووە، چاوەڕێ دەکرێت ئۆجەلان جارێکی دیکە لە پەیامێکدا جەخت لە چەکدانان بکاتەوە و دوای ئەو پەیامەش، پەکەکە لەم مانگەدا کۆنگرەی هەڵوەشاندنەوەی دەبەستێت.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، شاندی ئیمراڵی دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، پەیامی ئۆجەلانیان لە بارەی ڕاگرتنی شەڕ و دەستپێکردنی پرۆسەیەکی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و ڕایگەیاند، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی داخرابوو، بەڵام ئێستا پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا، چەکدانانی پەکەکە و بەستینی کۆنگرەی خۆ هەڵوەشاندنەوەی بە پێویستی ئەم قۆناغە نوێی باس کردبوو، ڕاشیگەیاند بوو، کە بەرپرسیارەتی ئەم بڕیارە لە ئەستۆ دەگرێت و گەرەنتی گفتوگۆی ئاشتی دەکات.