كهسوكاری ئهنفالكراوان لە نوگره سهلمانەوە داوای قهرهبوو دەکەن
کەسوکاری ئەنفالکراوانی هەرێمی کوردستان، لە بەغدا داوای قەرەبوو لە حکوومەتی فیدڕاڵی دەکەن و ئەمڕۆش سەردانی نوگرە سەلمانیان کرد.
ئاسۆ حەمید کوڕە ئەنفالە، ئەمڕۆ دووشەممە، 21ـی نیسانی 2025، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: دوێنێ یەکشەممە چووینە بەردەم دەزگای شەهیدان لە بەغدا کە ژمارەمان لە 200 کەس زیاتر بوو. کەسوکاری ئەنفالکراوانی گەرمیان، کەرکووک، چەمچەماڵ، کۆیە و چەندین شوێنی بەیەکەوەین، لە بەردەم دەزگای شەهیدان لە بەغدا داوای هەڵدانەوەی ڕووفاتی ئەنفال و گەڕانەوەی ڕووفاتەکانمان بۆ هەرێمی کوردستان کرد. هاوكات داوامان كرد مووچەی کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان هاوتای مووچەی شەهیدانی عێراق بکرێت، هەروەها قەرەبووی کەسوکاری ئەنفالكراوان بكرێتهوه.
گوتیشی: بەیانی ئەمڕۆ چووینە نوگرە سەلمان و بیابانی سەماوە، ماوەیەکی منداڵیم لەو زیندانە بووە، کاتێک سەردانی ئەو شوێنەم کردەوە تەزوو بە گیانمدا هات.
ڕۆژی یەکشەممە، 20ـی نیسانی 2025، ژمارەیەک لە کەسوکاری شەهید و ئەنفالکراوان لە بەردەم دەزگای شەهید لە بەغدا گردبوونەوە و چەند داواکارییەکیان هەبوو.
شاڵاوی ئەنفال
شاڵاوی ئەنفال، یەکێک بوو لە گەورەترین تاوانەکانی رژێمی بەعس دژ بە مرۆڤایەتی، هێرشەکان نەخشەبۆداڕژراو بوون، سەرجەمیان بە شەش پەلاماری جیاجیا و بە هەشت قۆناغ بەڕێوە چوون.
جگە لە دزین و تاڵانکردنی سامانی گوندنشینان، وێرانکردنی سەدان گوندیشی لێ کەوتەوە، تێکڕا 182 هەزار مرۆڤی بێتاوان بە شێوازیی جیاجیا دەستگیر کران و زیندەبەچاڵ کران لە بیابانەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقدا.
قۆناغی یەکەمی ئەنفال لە مانگی شوباتی ساڵی 1988، لە دۆڵی جافایەتی دەستی پێکرد و دوو مانگی خەیاند و کۆتا قۆناغی ئەنفال لە بادینان لە 26ـی ئاب دەستی پێکرد و تاوەکوو شەشی ئەیلوول بەردەوام بوو.
نوگرە سەلمان دەکەوێتە کوێ؟
نوگرە سەلمان دەکەوێتە نزیک سنووری عێراق و عەرەبستانی سعوودی لە تەنیشت گوندی سەلمان لە پارێزگای موسەننا. نزیکەی 1،5 کیلۆمەتر لە گوندی سەلمان دوورە، لە بیابانی باشووری عێراقدایە.
زیندانی نوگرە سەلمان
زیندانی نوگرە سەلمان یەکێکە لە زیندانە کۆنەکانی عێراق، دەکەوێتە پارێزگای موسەننا لە شاری سەماوە لە ساڵی 1930 لە سەردەمی پادشایەتی و دواتریش لەلایەن ڕژێمهكانی عەبدولکەریم قاسم و سەددام حوسێنەوە بەکار ھێنراوە.
