لویس ساکۆ کاندیدە بۆ بوونە پاپای ڤاتیکان

پاپا فرانسیس دوێنێ دووشەممە، لە تەمەنی 88 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد، ئێستا چاوەکان لەسەر ڤاتیکانە کە کێ سەرکردایەتیی کەنیسەی کاسۆلیکی سەرانسەری جیهان دەکات.

لە نێو ئەو کاردیناڵانەی کە بۆ جێگرتنەوەی پاپا کاندید کراون، تاکە کاندید لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پاتریارکی عێراق، لویس ساکۆیە.

هەرچەندە ناوەکەی لە دیارترین کاندیدەکان نییە بۆ بوون بە پاپای نوێ، بەڵام هەواڵەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەو یەکێکە لە کاندیداکان بۆ جێگرەوەی پاپای کۆچکردوو، فرانسیس.

مار لویس ڕافائیل ئای ساکۆ، خەڵکی زاخۆیە و 4ـی تەمموزی 1948 لە دایکبووە، لە ساڵی 1974 لە ئەپستۆریای کلدانەکانی موسڵ وەک قەشە دەستنیشان کراوە، لە ساڵی 1983 دکتۆرای لە زانکۆی پاپایی ڕۆما و لە ساڵی 1984 بڕوانامەی ماستەری لە فیقهی ئیسلامی و لە ساڵی 1986 دکتۆرای لە زانکۆی سۆربۆن بەدەست هێناوە.

لە ساڵی 2002 بە قەشەی ئەپستۆریای کەرکوک هەڵبژێردرا و ساڵی دواتر بۆ هەمان پۆست دەستنیشان کرایەوە. لە یەکەمی شوباتی 2013 لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی کڵێسا لە ڕۆما بە پاتریارکی کەنیسەی کلدان هەڵبژێردرا، لە 1ـی شوباتی 2013 لە شوێنی پاتریارکی دەست لەکارکێشاوەی ئیمانوێل سێیەم جێگەی گرتەوە، لە مانگی یەکی ساڵی 2022 وەک ئەندامی ئەنجوومەنی ئابووری ڤاتیکان دەستنیشان کرا.

لویس ساکۆ، چەندان میدالیای و ڕێزلێنانی وەرگرتووە، لەوانە ڕێزلێنانی بەرگریی ئیمان لە ئیتاڵیا، مەدالیای نێودەوڵەتی پاکس کریستی، مەدالیای سانت ستیڤن بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئەڵمانیا. هەروەها زیاتر لە 200 وتار و 20 کتێبی لە بوارەکانی ئیلاهیاتی مەسیحی و فیقهدا نووسیوە و چاپی کردووە.

 
 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment