ئیسرائیل ئامادەکاریی بۆ ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران دەکات
دەستەی پەخشی ئیسرائیل بڵاوی کردەوە، هێزی ئاسمانی ئیسرائیل مانۆرێکی بەرفراوانی کردووە، کە لەمانۆرەکەدا مووشەکی بەکار هێناوە ئەمەش وەکوو ئامادەکارییە بۆ ئەگەری شکستهێنانی دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران.
ڕۆژی دووشەممە، بەهۆی مانۆرەکە و تەقینەوەکانەوە ئیسرائیلییەکان ترساون، هەروەها گوتەبێژی سوپای ئیسرائیلیش دڵنیایی دایە خەڵک کە هیچ ڕووداوێکی ئەمنیی نییە، بەڵکو مەشق و ڕاهێنانە لە بنکەیەکی نزیک شوێنی نیشتەجێبوون، بەبێ ئەوەی شوێنەکە ئاشکرا بکات.
دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ڕایگەیاندووە، مانۆرەکان لەسەر ئەو بنکانە چڕبوونەتەوە کە پێشتر لە ئۆکتۆبەری 2024 و لەلایەن ئێرانەوە هێرشیان کراوەتە سەر، وەک نەڤاتیم و حاتسۆر.
بەگوێرەی ڕاپۆرتی دەستەی پەخشی ئیسرائیل، ئامانج لەو مانۆرە بەرزکردنەوەی ئامادەیی ئۆپەراسیۆنی سیستەمی بەرگری و وەڵامدانەوەی هێزی ئاسمانی بووە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ سیناریۆیەکی ئەگەریی کە تێیدا ئەگەر گفتوگۆکانی نێوان واشنتۆن و تاران شکست بێنن، ئەوە ئۆپەراسیۆن و شەڕ دەست پێ دەکات.
ئەم مانۆرانە، لە دوای ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمز دێت، کە هەفتەی ڕابردوو پلانێکی ئیسرائیل-ئەمەریکای بۆ هێرشکردنە سەر ئێران ئاشکرا کرد، بەڵام پلانەکە لەلایەن دۆناڵد ترەمپەوە پووچەڵ کرایەوە.
تەلئەڤیڤ، دانوستانەکانی ئەمەریکا و ئێران بەهەوڵێک دەزانێت بۆ زیاتر فشار خستنە سەر ئێران، ئەمەش وەک ئامادەکاریی بۆ بەردەوامیی دانوستانەکانی نێوان هەر دوو لا دەربارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران.