ڕێژەی قەڵەوی لە بەریتانیا سەدا 50 زیادی کردووە

پیاوێکی قەڵەو لە شەقامێکی بەریتانیا
پیاوێکی قەڵەو لە شەقامێکی بەریتانیا

بە گوێرەی توێژینەوەیەک، ڕێژەی قەڵەوی لەنێو هەرزەکارانی بەریتانیا زیادی کردووە و ئێستا زیاتر لە 64%ـی هاووڵاتییانی ئەو وڵاتە قەڵەون. 

بە گوێرەی نوێترین توێژینەوەی زانستی کە لە لایەن ژمارەیەک توێژەری نەخۆشخانە و زانکۆکانی بریستۆل و لیڤەرپۆلەوە کراوە، ژمارەی ئەو هەرزەکارانەی بەریتانیا کە بە دەست قەڵەوییەوە گرفتارن، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادی کردووە. 

بە گوێرەی توێژینەوەکە، ڕێژەی قەڵەوی لە نێو هەرزەکارانی بەریتانیا لە نێوان ساڵانی 2008 بۆ 2010 زیاتر لە سەدا 22 و لە نێوان ساڵانی 2021ـیش تا 2023 زیاتر لە سەدا 30ی تێ پەڕاندووە. واتا لە 2008ـەوە ڕێژەکە زیاتر لە سەدا 50ـی تێ پەڕاندووە.

توێژەران زیادبوونی قەڵەوی لە نێو هەرزەکارانی بەریتانیادا بۆ ئەم هۆیانە دەگەڕێننەوە:

1. شێوازی ژیانی ناچالاک.

2. بەردەوامیی تەماشاکردنی شاشەی گەورە. 

3. خواردنی خێرا و خواردنەوە گازییەکان.

4. کەمیی وەرزش.

5. نایەکسانیی ئابووری و کۆمەڵایەتی. 

6. دڵەڕاوکێ و خەمۆکی. 

7. ڤایرۆسی کۆرۆنا و قەدەغەی سەردەمی کەرەنتینە. 

توێژەران هۆشیاری دەدەن، دەکرێت زیادبوونی ڕێژەی قەڵەوی لەنێوان هەرزەکاراندا ئەوانەی تەمەنیان لە نێوان 12 بۆ 17 ساڵاندایە، ببێتە هۆی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی شەکرە، جگەر و چەندانی دیکە. 

ئاماژەشیان بەوەش کردووە، بەراورد بە کەسانی ئاسایی، کەسانی قەڵەو ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشیی جگەر 12 جار، شەکرە 11 جار، تەنگەنەفەسی لە کاتی خەوتن هەشت جار و هێلکەدانیش چوار جار زیاترە. 

بە گوێرەی ئامارەکانی ڕێکخراوی هاوکاری و گەشەپێدانی ئابووری، لەسەر ئاستی وڵاتانی ئەورووپا، کۆمەڵگەی بەریتانی قەڵەوترینە، بەوپێیەی زیاتر لە 64%ـی ئەو هاووڵاتییانەی تەمەنیان لە سەرووی 15 ساڵییەوەیە، بە دەست قەڵەوییەوە گرفتارن. ڕێژەکە لە فەرەنسا 45%  و لە ئیتاڵیاش 46%ـە.