باخچەلی: باشترین بژاردە بۆ پەکەکە به‌ستنی کۆنگرە و دانانی چەکی خوێناوییه‌

سەرۆکی گشتیی مەهەپە جەخت لەوە دەکاتەوە پێویستە پەکەکە چەک دابنێت، وەڵامی سەرۆکی گشتیی جەهەپەش دەداتەوە و دەڵێت: ناڕوونە کە جەنگ بەرانبەر کێ ڕادەگەیەنێت.

ئەمرۆ سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مه‌هه‌په‌) پەیامێکی بڵاو کردووەتەوە و ڕایگەیاندووە: "گونجاوترین بژاردە ئەوەیە پەکەکە کۆنگرە ببەستێت و بەپێی بانگەوازەکەی 27ـی شوباتی ئیمراڵی هەڵوەشاندنەوەی ڕێکخراوەیی تەواو بکات و چەکەکانیشی ڕادەستی کۆماری تورکیا بکات. ده‌ستبه‌رداربوون له‌ چەکی خوێناوی و نایاسایی، وەفایە بەرامبەر بەها مرۆییەکان و نابێت ئەم کارە زیاتر درێژە بکێشێت".

سەبارەت بە لێدوانی سەرۆکی گشتیی جەهەپە، ئۆزگور ئۆزەل کە دەڵێت 'جەنگ ڕادەگەیەنم'، باخچەلی ڕایگەیاند: "لۆژیکێکی سەقەتە، کورتبینانە و تەنانەت ئابڕوچوونە. ناڕوونە کە جەنگ بەرانبەر کێ ڕادەگەیەنێت و لەگەڵ کێ دەجەنگێت، بۆچی دەجەنگن؟"

هەر دوێنێ دووشەممە شاندی ئیمڕاڵی بۆ جاری چوارەم سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانیان کرد لە ئیمڕاڵی و  پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمڕاڵی لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەوانیدا گوتی: لە بارەی پڕۆسەی ئاشتییه‌وه‌ عەبدوڵڵا ئۆجەلان ڕایگەیاند: "کارەکان بەردەوامە".

 
 
 
Fly Erbil Advertisment