هەولێر.. زیاتر لە 15 هەزار سەگی بێلانە کۆکراوەتەوە

کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر خێراتر کراوە و تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 15هەزار سەگی بێلانە براوەتە پەناگەی سەگە بێلانەکانی هەولێر.

ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر ئەمڕۆ سێشەممە، 22ـی نیسانی 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: هەوڵەکان بۆ کۆکردنەوەی سەگی بێلانە بەردەوامە و ڕۆژانە بە دوو تیم بەشێوەیەکی چڕ سەگە بێلانەکان کۆ دەکرێنەوە و دەبرێنە پەناگەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر.

بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر گوتیشی: لە ئێستا ڕۆژانە بە لایەنی کەم 50 سەگی بێلانە کۆ دەکرێتەوە و تاوەکوو ئێستاش زیاتر لە 15 هەزار سەگی بێلانە کۆ کراوەتەوە.

ژیار جەلال، باسی لەوەش کرد، لەدوای گیانلەدەستدانی ئەو گەنجەی هەولێر و لێکردنەوەی پێستی سەری منداڵێک بەهۆی پەلاماری سەگی بێلانەوە هەوڵەکانمان خێراترن، لەبارەی ژمارەی ئەو سەگە بێلانەیانەی ماون. ژیار جەلال دەڵێت: هیج ئامارێکی دروست نییە، بەڵام بە نزیکەی 10 هەزار سەگی بێلانە ماون.

بەڕێوەبەرایەتیی ژینگەپارێزی هەولێر "ڕۆژانە لەلایەن دوو ئۆتۆمبێلەوە کە تابلۆی شینی شارەوانییان لەسەرە، بە شێوەیەکی زۆر مرۆڤانە هەڵدەستن بە کۆکردنەوەی ئاژەڵە بێلانەکان و دەیانگوازنەوە بۆ شێڵتەری هەولێر".

ڕۆژی دووشەممە، 3ـی ئاداری 2025، ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری و ژینگەپارێزی هەولێر، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوتبوو: "لە ماوەی ساڵێک و سێ مانگ 14هەزار سەگی بێلانەمان کۆ کردووەتەوە.

بە مەبەستی کۆکردنەوەی سەگە بێلانەکان لە هەولێر، پڕۆژەی دروستکردنی پەناگەی سەگی بێلانە بە گوژمەی 455 ملیۆن دینار، لەسەر بودجەی پارێزگای هەولێر لەسەر رووبەری 20 دۆنم زەوی دروست کراوە و ڕۆژانە چەندین تیمی پزیشکی ڤیتێرنەری و کارمەندی تایبەت تێیدا کار دەکەن.

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment