گەنجینەی ئەمەریکا سزای نوێی بەسەر ئێراندا سەپاند
وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: سزامان بەسەر گەورە بازرگانێکی ئێرانیدا سەپاندووە، کە بەرپرسە لە هەناردەکردنی گازی شل و نەوتی خاوی وڵاتەکە بۆ بازاڕەکانی جیهان.
سێشەممە 22ـی نیسانی 2025، وەزارەتی گەنجینەی ئەمەریکا، لە ڕاگەیەنراوێکدا، ئاماژەی بەوە دا، سەید ئەسعەدوڵڵا ئیمام جومعە، گەورە بازرگانی گازی شل و تۆڕی کۆمپانیاکانی خستوونەتە لیستی سزاکانیانەوە.
گەنجینەی ئەمەریکا دەڵێت: سەید ئەسعدوڵڵا بەرپرسە لە هەناردەکردنی گازی شل و نەوتی خاوی ئێران بۆ بازاڕەکانی جیهان، کە بە بەهای سەدان ملیۆن دۆلار دەبێت.
وەزارەتەکە ڕاشیگەیاند: ئەو گەورە بازرگانە ئێرانییە، تەنانەت هەوڵی ئەوەشی داوە گازی شل هەناردەی بازاڕەکانی ئەمەریکاش بکات، تا خۆی لە سزاکانی وڵاتەکە بدزێتەوە.
وەزارەتەکە دەشڵێت: "ئێران هاوشان لەگەڵ نەوتی خاو، داهاتی گازی شلیش بۆ پەرەپێدانی چەک و بەرنامە ئەتۆمییەکەی بەکار دەهێنێت".