خۆشناو ئاقوبانی: له داهاتوویهكی نزیك ڕێككهوتنی پێكهێنانی حكوومهت دهكرێت

بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان ڕایگەیاند: بە پێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەڵوەشاندنەوەی هەر خولێکی پەرلەمان بە چوار ڕێکار دەبێت، جگە لەم چوار ڕێکارە هەر ڕێگەیەکی دیکە بە نایاسایی هەژمار دەکرێت. ئەندامێکی پەرلەمانی کوردستانیش دەڵێت: قسەکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان موزایهدەی سیاسییە.
لە دوای یەکەمین کۆبوونەوەی خولی شەشەمەوە، دەرگای پەرلەمان بۆ کۆبوونەوەکان نەکراوەتەوە، هۆکارەکەش ئەوەیە تا ئێستا لایەنەکان لەسەر پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتن.
قسە لەسەر ھەڵوەشاندنەوەی ئەم خولەی پەرلەمان کەوتووەتە سەر زاری چەند لایەنێکی سیاسی. سامان ئەحمەد، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان، بە کوردستان24ـی گوت: بە پێی یاسای سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، هەڵوەشاندنەوەی هەر خولێکی پەرلەمان بە چوار ڕێکار دەبێت، جگە لەم چوار ڕێکارە هەر ڕێگەیەکی دیکە بە نایاسایی هەژمار دەکرێت.
کۆبوونەوەی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان، بۆ هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانەکەیە، بۆ دیاریکردنی وادەی کۆبوونەوەکەش چاوەڕێی گفتوگۆکانی نێوان پارتی و یەکێتی دەکرێت.
لای خۆیەوە، خۆشناو ئاقوبانی، ئەندامی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی کوردستان، گوتی: له داهاتوویهكی نزیك ڕێككهوتنی پێكهێنانی حكوومهت دهكرێت.
ئاماژەی بەوەش کرد، قسەکردن لەسەر هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان موزایهدەی سیاسییە.