بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێکرد

بە ئامادە بوونی سەرۆک بارزانی و بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان، ئەمڕۆ ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان بەڕێوە دەچێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، کاتژمێر 8:00ـیی بەیانی، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتانی دنیا و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی ( بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان بەڕێوەدەچێت.
بە دەستپێشخەریی سەرۆک بارزانی، یەکەمجارە لە هەرێمی کوردستان ئەم ڕێوڕەسمە دەکرێت و لە ئەمڕۆوە تا 25ی ئەم مانگە لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا) بەڕێوە دەچێت.
زیاتر لە 400 کەسایەتیی بەشداری لەم بۆنە تایبەتەدا دەکەن، کە پێکهاتوون لە ژمارەیەک کەسایەتیی سیاسی و ئایینی ئەمەریکایی، ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەورووپا، دیپلۆماتکار، بەرپرسانی وڵاتان و کەسایەتیی ئایینی، کولتووری و کۆمەڵایەتیی وڵاتان.
لە ڕێوڕەسمەکەدا هەر یەکە لە سەرۆک مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێم و مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و چەند سەرکردە و کەسایەتیەکی دیکە لە عێراق و جیهان بەشدارن و گوتار پێشکەش دەکەن.
"ساتی گەیشتنی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی بۆ شوێنی بەڕێوەچوونی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتیمانی لە هەولێر"
هەروەها کەسایەتییە ئایینییەکانی ئیسلام، کریستییان، ئێزدی و ئایینەکانی دیکە، هەمووان پێکەوە نزای بە کۆمەڵ بۆ هەرێمی کوردستان دەکەن.
دواتر ژمارەیەک پانێل بە بەشداریی بەرپرس، سیاسەتمەدار و کەسایەتیی ئایینی و کۆمەڵایەتیی بەڕێوە دەچن. لە پانێلەکاندا باس لە پێکەوەژیانی ئاشتییانە و ئازادیی ئایینی و کۆمەڵایەتیی لە هەرێمی کوردستان و جیهان دەکرێت.
ڕۆژی نزای نیشتمانی، ڕۆژێکە بۆ ڕێزگرتن و یادکردنەوەی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێکهاتە و ئایینە جیاوازەکانی هەرێمی کوردستان. یەکەم ساڵە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت و دەبێتە نەریتێکی ساڵانە.
ساڵانە ئەم ڕێوڕەسمە ئاینییە لە وڵاتانی دیکەی بەرێوە دەچێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان جیاواز دەبێت، بەو پێیەی باوەڕدار و پەیڕەوانی هەموو ئاینییەکان تێیدا بەشدار دەبن، لە کاتێکدا لە وڵاتانی دیکە تەنیا پەیڕەوانی یەک ئایین بەشداری ڕێوڕەسمەکە دەبن.
لە ڕۆژی کۆتایی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی، میوان و پەیڕەوانی هەموو ئایینەکانی هەرێمی کوردستان پێکەوە سەردانی ژمارەیەک مزگەوت، کڵێسا و پەرستگاکان لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و دەشتی نەینەوا دەکەن.
بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، پێنج هەزار و 732 مزگەوت، 135 کڵێسا، 315 پەرستگە، یەک ئاتەشگە و یەک مەندی لە هەرێمی کوردستاندا هەن.
لە دێرزەمانەوە نەتەوە و ئایینی جیاواز لە کوردستاندا لەگەل کۆمەڵگەی کوردی هەن، ئەوانیش لە بوارە جیاجیاکاندا لە گەشەسەندندا بوونە و تا بە ئەمڕۆ دەگات، بەوپەڕی ئازادی و بە سەربەستی و شکۆمەندانەوە ژیاون و کولتوور و ناسنامەیان وەک خۆی پارێزراوە و خاوەنی سەدان پەرستگای تایبەت بە ئایینی خۆیان و سەدان قوتابخانە و فێرگەی زانستین بە زمانی دایکیان.
پەیوەندی و دۆستایەتیی کورد و نەتەوە و ئایینە جیاوازەکان پەیوەندییەکی قوڵی دیرۆکی و ھاوبەشی نیشتیمانی بووە، وێڕای جیاوازی لە ئایین و زمان و کولتوور، بەڵام ھەموویان لە ژێر سێبەری نیشتماندا برا و ھاوخەبات بوونە و لە کۆی بارودۆخە خۆش و ناخۆشەکاندا دەستبار و تەواوکەری یەکتر بوونە.