لە کۆماری کۆنگۆ سەربازێکی سەرخۆش 13 هاووڵاتی دەکوژێت
یەکێک لە کوژراوەکان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵە
K24 - هەولێر:
سەربازێکی سەرخۆش لە کۆماری کۆنگۆ تەقەی بەڕووی ژمارەیەک کەسدا کرد، لەئەنجامدا بەلایەنی کەمەوە 13 کەسی کوشت، کە یەکێکیان منداڵێکی تەمەن دوو ساڵە.
کەسوکاری قوربانییەکان داوادەکەن سەربازانی وڵاتەکەیان و هێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان کە بنکەیەکیان لەو هەرێمەی رۆژهەڵاتی کۆنگۆ هەیە، بکشێنەوە.
رووداوەکە رۆژی سێشەممەی رابردوو روویداوە، سەرچاوەیەکی ئاژانسی فرانس پرێس دەڵێ "سەربازێکی سەرخۆش گوللـەی بەڕووی بەلایەنی کەمەوە 20 کەسدا تەقاند کە بەرەوڕووی دەهاتن".
کاپتن دیۆدۆن کاسێرێکە، گوتەبێژێکی سوپای کۆنگۆ لەبارەی رووداوەکە دەڵێ "سەربازەکە سەرخۆش بووە، لەئەنجامی تەقەکردنی 13 کەس کوژراون و نۆ کەسی دیکەش بریندارن، سەربازەکە رایکردووە و هێشتا دەستگیرنەکراوە".
شاندیکی سوپا و تیمێکی نەتەوە یەکگرتووەکان چوونەتە ناوچەکە بۆ هێورکردنەوەی دۆخەکە، چونکە خەڵک لەدژیان خۆپیشاندان دەکەن. کەسوکاری توڕەی قوربانییەکان، تەرمەکانیان لەنێو تابووت دانا و رێگایەکی سەرەکیی قەرەباڵغیان پێ گرتن، بەڵام دوای گفتوگۆکردنی خەڵکی سڤیل لەگەڵ نوێنەرانی ناوچەکە و بەرپرسانی سوپا، تابووتەکانیان لادا و رێگەکەیان کردەوە.
هـ.ر.