کەرکووک.. حاڵەتێکی دیکەی تای خوێنبەربوون تۆمار کرا

ئەنجامی پشکنینی دوو حاڵەتی گوماناوی گەڕایەوە لە بەغدا، کە یەکێک لە حاڵەتەکان هەڵگری ڤایرۆسی تای خوێنبەربوونە.

چوارشەممە 23ـی نیسانی 2025، دوای ئەوەی ئەنجامی پشکنینی دوو حاڵەت لە بەغدا گەڕایەوە، دەرکەوت یەکێکیان تووشی تای خوێنبەربوون بووە، تووشبووەکە دانیشووی کەرکووکە.

بە پێی ئەنجامی پشکنینەکان کە دەست پەیامنێری کوردستان24 کەوتووە، ئەو کەسەی تووشبووە ناوی (نورا سامرا)ـیە کارمەندی نەخۆشخانەی گشتیی کەرکووکە و پەرستارە.

پەیامنێری کوردستان24 ئاشکرای کرد، کەسی توشبوو بە تای خوێنبەربوون، بەرکەوتەی لەگەڵ دوو توشبووی دیکەی نەخۆشخانەی شارەکە هەبووە.

ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ هاووڵاتییەکی دانیشتووی کەرکووک بەهۆی تووشبوونی بە تای خوێنبەربوون گیانی سپارد.

 سەرچاوەیەک لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک بە کوردستان24ـی ڕایگەیاند: ئەو هاووڵاتییەی گیانی سپاردووە، ماوەیەکی زۆر لەژێر چاودێریی پزیشکدا بوو.

ئەو سەرچاوەیە گوتیشی: هاووڵاتییەکە تەمەنی 52 ساڵانە و  چەند نەخۆشیەکی درێژخایەنی هەبوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment