لویس ساکۆ: پێش ناوه‌ڕاستی مانگی داهاتوو بۆ دیاریکردنی پاپا کۆ دەبینەوە

لویس ساکۆ ڕایگەیاند: سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی جیهانییە و خاوەنی دانایی و دیدگایی تایبەتە و نزای نیشتیمانی هەموو جیهانی لە ناوچەیەکی ئارامدا کۆ کردەوە.

ئەمڕۆ چوارشەممە، 23ـی نیسانی 2025، لویس ساکۆ، پاتریارکی کەنیسەی کلدانی لە عێراق بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: ڕێوڕەسمی نزای نیشتیمانی، پەیامێکی گرنگە، نزای نیشتیمانی هەموو جیهانی لە ناوچەیەکی ئارامدا کۆ کردەوە، کوردستان پەیامێکی بە هەموو جیهان گەیاند.

گوتیشی: سەرۆک بارزانی کەسایەتییەکی جیهانییە و خاوەنی دانایی و دیدگای تایبەتە، مامەڵەی سەرۆک بارزانی تەواو جیاوازە لەو کەسانەی بەدوای دەسەڵاتەوەن.

دەربارەی کاندیدبوونی بۆ شوێنی پاپا فرانسیس، لویس ساکۆ ڕایگەیاند: ئێمە ژمارەیەک کاردیناڵین هەموومان کاندیدین، خەڵکی هەر وڵاتێک دەیەوێت کاردیناڵی وڵاتەکەی ببێتە پاپا، ئێمە لەنێوان 5 بۆ 10ـی مانگ کۆ دەبینەوە بۆ دیاریکردنی پاپا.

کاتژمێر 8:00ـیی بەیانیی ئەمڕۆ چوارشەممە، 23-04-2025، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی و ژمارەیەکی زۆر لە بەرپرسانی باڵا و سەرکردەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان و جیهان و پەرلەمانتارانی وڵاتان و نوێنەرانی حکوومەتەکان لە ئەمەریکا، ئەورووپا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لە ژێر دروشمی (بەرەو یەکبوون لە باوەڕدا)، ڕۆژی نزای نیشتمانی لە کوردستان دەستی پێ کرد.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment