ئامادەکارییەکانی دروستکردنی سندوقی خانەنشینی بە كوێ گەیشتووە
لیستی موچەی خانەنشینان لە لیستی مووچەی گشتی جیا دەکرێتەوە و لە کەسانی ناشایستەش پاکدەکرێتەوە
K24- ھەولێر
ئامادەکارییەکان بۆ درووستکردنی سندوقی خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان دەستیپێکردووە و لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە، لیستی مووچەی خانەنشینان رێکدەخرێتەوە. راوێژکاری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی كوردستان بۆ کاروباری وەبەرھێنان و راژەی گشتیی دەڵێت: لیستی موچەی خانەنشینان لە لیستی مووچەی گشتی جیا دەکرێتەوە و لە کەسانی ناشایستەش پاکدەکرێتەوە.
درووستکردنی سندوقی خانەنشینی، یەکێکە لە بەڵێنەکانی کابینەی نۆیەمی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، کە ماوەیەکی زۆرە یاساکەی لە پەرلەمانی كوردستان دەرچووە. لە ڕێگەی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە ئامادەکارییەکانی دەستپێكردووە بۆ درووستکردنی ئەم سندووقەی خانەنشینان بەمەبەستی پاراستنی مافەكانیان. لە ھەمانكاتیشدا بەرچاو روونیش دەداتە حکومەت دەربارەی ژمارەی راستەقینەیان. راوێژکاری سەرۆکی حکومەت بۆ کاروباری وەبەرھێنان، رێباز حهملان دەڵێت: درووستکردنی سندوقی خانەنشینان گرنگییەكەی لەوەدایە؛ لیستی مووچەی خانەنشینان لە مووچەی گشتی دەردەھێنرێت و لیستی خانەنشینانیش لەكەسانی ناشایستە و بندیوار پاكدەكرێتەوە.
هاوكات سەرۆکی فەرمانگەی ھەماھەنگی و بەدواداچوون، عهبدولحهكیم خهسرهو دەڵێت: پەیڕەوی درووستکردنەوەی سندوقەکە دەرچووە. ئێستا پەیكەربەندییەکی نوێی بەڕێوبەرایەتی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی دەستیپێکردووە. گفتوگۆش لەگەڵ وەزاەرتی پێشمەرگە کراوە تاكو بەڕێوبەرایەتییە خانەنشینیەکەی بگوازێتەوە سەر خانەنشینی گشتی.
درووستکردنی سندوقی خانەنشینی، ئەو بەڵێنەیە کە حکومەتی ھەرێمی کوردستان لەم کابینەیەدا داویەتی بۆ ڕێکخستەنەوەی بەڕێوبەرایەتییەکانی خانەنشینی لە ھەرێمی کوردستان و کۆکردنەوەی داھات و شایستە داراییەكانیان لەو سندوقەدا بۆ ئەوەی مافی خانەنشینانی شایستە نەفەوتێت. ھەنگاوەکانی درووستکردنی سندوقەکە بە ڕێگەیی لیژنەیەکی تایبەتمەندەوە دەبێت. گفتوگۆ لەگەڵ وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پێشمەرگەش کراوە، كە ھەرچی زووە سەرجەم دۆسێیەکانی خانەنشینان یەکبخەن لە ھەرێمی کوردستان.