هیندستان و پاکستان هەڕەشە لە یەکدی دەکەن

سەربازانی هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هیندستان بەم زووانە ئاگربەستی درێژخایەنی لەگەڵ پاکستان هەڵدەوەشێنێتەوە.
پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025، لە ڕاگەیەندراوێکدا، نووسینگەی شێهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان، ڕایگەیاند: هەر هەڕەشەیەک بۆ سەر سەروەریی پاکستان و ئاسایشی گەلەکەی، باجێکی قورسی دەبێت و بە تووندی ڕووبەڕووی دەبنەوە.
حکوومەتی پاکستان ڕایگەیاندووە، هەر هەوڵێکی هیندستان بۆ ڕاگرتنی ئاو لە ڕووباری ئیندوس بە "هەڵگیرسانی جەنگ" دەزانێت و وەڵامێکی شۆکهێنەریان بۆیان دەبێت.
پاکستان پێدانی ڤیزای بە هاووڵاتییانی هیندستان ڕاگرت و سەرجەم ئەو ڤیزانەشی هەڵوەشاندەوە کە بە هاووڵاتییانی ئەو وڵاتەی دابوو، هەروەها ئاسمانی خۆی بەڕووی هەموو ئەو هێڵە ئاسمانییانەدا داخست کە لەلایەن هیندستانەوە خاوەندارێتی دەکرێن و، بازرگانیشی لەگەڵ وڵاتەکە ڕاگرت.
ئەم بڕیارەی پاکستانیش دوای ئەوە دێت، کە هیندستان ڤیزای سەرجەم ئەو هاووڵاتییە پاکستانییانەی هەڵوەشاندەوە کە لە وڵاتەکەیدان.
لەلایەکی دیکەوە سەربازانی هەردوو وڵاتی هیندستان و پاکستان خرانە حاڵەتی ئامادەباشییەوە، هیندستان بەم زووانە ئاگربەستی درێژخایەنی لەگەڵ پاکستان هەڵدەوەشێنێتەوە، هەروەها سەرجەم ڕێککەوتنە دووقۆڵییەکانی نێوانیشیان هەڵدەوەشێنرێنەوە.
ڕۆژی سێشهممهی ڕابردوو 22ـی نیسانی 2025، هێرشێکی چەکداری کرایە سەر ناوچەیەکی گەشتیاری لە کشمیری بەشی هیندستان، لە ئەنجامی هێرشەکەدا لانی کەم 26 کەس کوژران کە زۆربەیان گەشتیار بوون. تا ئێستا هیچ گرووپێک بەرپرسیارێتی هێرشەکەی لە ئەستۆ نەگرتووە.
هیندستان: تیرۆرستان و لایەنگرانیان دەست نیشان دەکەین و تۆڵەیان لێ دەکەینەوە
ناریندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، لەبارەی هێرشەکەی سێشەمەی ڕابردوو گوتی: دەمەوێت بە هەموو جیهانی ڕابگەینم، کە تیرۆرستان و لایەنگرانیان دەست نیشان دەکەین و لە هەر شوێنێکی جیهان بن بە دوایان دەگەڕێین و تۆڵەیان لێ دەکەینەوە.
ئاماژەی بەوەش کرد، هەرچەندە ئەم تیرۆریستانە خاوەنی ڕووبەرێکی کەمی زەوین، بەڵام کاتی ئەوە هاتووە لەناویان ببەین.
لەلایەکی دیکەوە ڤیکرام میسری، وەزیری دەرەوەی هیندستان، ئاماژەی بە تێوەگلانی وڵاتانی بیانی لە هێرشەکەی سێشەممەی ڕابردوو کرد و گوتی: دەستوەردانی وڵاتانی بیانی و سنووربەزاندن لە هێرشەکەدا هەبووە.
هەروەها ڕایگەیاند: کە نیودەلهی پەیماننامەی ڕووباری ئیندوس ڕادەگرێت و تاکە دەروازەی وشکانی لە نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێدا دادەخرێت و کارمەندانی نوێنەرایەتییەکەی لە ئیسلام ئاباد لە 55 کارمەندەوە بۆ 30 کەس کەم دەکاتەوە.