مایکل ئەنتۆن بۆ سەرۆکایەتیی شاندی تەکنیکی واشنتن لەگەڵ تاران ڕاسپێردرا

مایکل ئەنتۆن, بەڕێوەبەری پلانداڕێژەری سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەیرکا
مایکل ئەنتۆن, بەڕێوەبەری پلانداڕێژەری سیاسەتی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەیرکا

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، مایکل وانتۆن، بەڕێوەبەری پلانداڕێژەری سیاسەتی وەزارەتەکەی، بۆ سەرۆکایەتیکردنی تیمی تەکنیکی وڵاتەکەی لە دانوستانەکان لەگەڵ ئێران ڕاسپارد.

پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025، ڕۆژنامەی پۆلیتیکۆ، لە زاری دوو بەرپرسی ئەمەریکی بڵاوی کردەوە، لە نوێترین پێشهاتدا سەبارەت بە دانوستانەکانی نێوان واشنتن و تاران، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا، مایکل ئەنتۆن، بەڕێوەبەری پلانداڕێژەری سیاسەتی وەزارەتەکەی، بۆ سەرۆکایەتیکردنی تیمی تەکنیکی وڵاتەکە ڕاسپێردرا.

بە پێی زانیارییەکان، مایکل ئەنتۆن، بۆ لەمەودوا سەرۆکایەتیی تیمێکی نزیکەی 12 کەسی پسپۆر، لە وەزارەتە جیاوازەکانی حکوومەتی ئەمەریکا دەکات، کە کار دەکەن لەسەر ئاستی تەکنیکی، بۆ مەبەستی گەیشتنە ڕێککەوتنێک لەگەڵ ئێران، تایبەت بە سنووردارکردنی بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئەو وڵاتە.

وا بڕیارە شەممەی داهاتوو ئەنتۆن سەرۆکایەتیی خولی یەکەمی دانوستانە تەکنیکییەکان لەگەڵ لایەنی ئێرانی بکات، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ کۆبوونەوەی پێشبینیکراوی هەفتەی داهاتوو لە ڕۆما لە نێوان ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران.

بۆچی مایکل ئەنتۆن؟

بەرپرسێکی ئیدارەی ئەمەریکا ڕایگەیاند: ئەنتۆن باشترین بژاردەیە بۆ سەرۆکایەتیکردنی تیمی تەکنیکی وڵاتەکە لەگەڵ ئێران، بەو پێیەی ناوبراو جەختی لەسەر پابەندبوونی خۆی بە جێبەجێکردنی کارنامەی ترەمپ لەسەر ئەم پرسە هەستیارە کردووەتەوە.

لە سەردەمی یەکەمین خولی سەرۆکایەتیی ترەمپ، ئەنتۆن وەک جێگری یاریدەدەری سەرۆک و جێگری ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی بۆ پەیوەندییە ستراتیژییەکان لە کۆشکی سپی کاری کردووە. هەروەها بۆ ماوەی چوار ساڵ لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە ئیدارەی جۆرج بووشدا کاری کردووە.

ئەو بەرپرسە ئەمریکییە تا ئێستا هەڵوێستی خۆی لە بارەی پرسی ئێران ڕانەگەیاندووە، کە لە مێژە مشتومڕ و دووبەرەکیی توندی لە واشنتۆن بەدوای خۆیدا هێناوە.

دابەشبوون لەنێو ئیدارەی ترەمپ

ترەمپ چەندین جار خواستی خۆی بۆ چارەسەری ئاشتییانە لەسەر بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران ڕاگەیاندووە، بەڵام هەڵوێستەکانی ئەندامانی ئیدارەکەی لەو بارەیەوە جیاوازە و بەسەر دوو گرووپ دابەش بوونە، بەشێکیان پشتگیری لە بڕیارەکەی ترەمپ دەکەن بە مەبەستی ڕێگەدان بە ئێران بۆ ئەوەی بەشێک لە ژێرخانی ئەتۆمییەکەی مەدەنییانە بەکار بهێنێت بۆ بواری پزیشکی، بەڵام گرووپێکی دیکەیان دەڵین، دەبێت بەرنامە ئەتۆمییەکانی ئێران بە تەواوی هەڵوەشێتەوە.

لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە دوایین لێدوانیدا ئاشکرای کرد، وڵاتەکەی بیر لە چارەسەرێک دەکاتەوە کە ڕێگە بە تاران بدات سووتەمەنی ئەتۆمی پیتێنراو هاوردە بکات بۆ مەبەستی بەکارهێنانی مەدەنییانە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment