عێراق بووە پێشەنگی وڵاتانی عەرەبی لەڕووی زۆریی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا

نزیکەی ملیۆنێک کەس لە وڵاتانی عەرەبی تووشی کۆرۆنا بوون

K24 - هەولێر

هەرچەندە کۆرۆنا ماوەیەکی زۆر نییە لە عێراق بڵاوبووەتەوە، بەڵام عێراق بووە یەکەمی وڵاتانی عەرەبی لەڕووی زۆریی گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا.

بەگوێرەی ئاماری دوێنێ (یەکشەممە، 2-8-2020)ـی وەزارەتی تەندروستی و ژینگەی عێراق، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە عێراق گیانیان لەدەستداوە گەیشتە چوار هەزار و 868 کەس.

وڵاتی میسر، پێشتر یەکەم وڵاتی عەرەبی بوو لەڕووی زۆری گیانلەدەستدان بە کۆرۆنا و، تاوەکو دوێنێ چوار هەزار و 834 حاڵەتی گیانلەدەستدانی بە کۆرۆنا تۆمار کردووە.

هاوکات لە سعودیە زۆرترین ژمارەی تووشبووان تۆمارکراوە، کە 278 هەزار و 835 کەسە.

بەگشتی تائێستا 976 هەزار و 326 کەس لە وڵاتانی عەرەبی تووشی کۆرۆنا بوون و، 17 هەزار 816 کەسیش بەهۆیەوە گیانیان لەدەستداوە.