ڕوانگەی سووری: ژمارەیەک هاووڵاتیی عەلەوی لە سووریا کوژران

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ ڕایگەیاند: لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوو، 11 هاووڵاتی سڤیلی عەلەوی لە ناوەڕاستی سووریا، لە هەڵمەتێکی هێزە ئەمنییەکاندا کوژران.

هەینی 25ـی نیسانی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا، لانی کەم 11 عەلەوی لە پارێزگای حومس کوژران.

ڕوانگەی سووری، دەڵێت: لە نێو کوژراواندا قوتابی زانکۆ هەبوون، هەروەها کوشتنی هاووڵاتییە سڤیلەکانیش، بەهۆی هەڵمەتی هێزە ئەمییەکانەوە بووە.

ڕوانگە ڕوونیکردەوە، لە نێو کوژراواندا، سێ کەسیان دوای دەستگیرکردنیان لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان لەدەستداوە.

بە پێی زانیارییەکانی ڕوانگەکە، پارێزگاری حومس لەم دواییانەدا شاهێدی بەرزبوونەوەی ڕێژەی کوشتن و پێشێلکارییەکان بووەتەوە، ئەمەش لە کاتێکدایە تا ئێستا لێکۆڵینەوە لە هۆکاری گرژییەکان نەکراوە.

ڕۆژی پێنجشەممە 24ـی نیسانی 2025، شەڕ و پێکدادان لە حومس سەریهەڵدا، لە کاتێکدا هێزە ئەمنییەکان هەوڵیان دا عەلی شەلهوب، فڕۆکەوانی پێشووی سوپای سووریا لە گەڕەکێک کە زۆرینەیان عەلەویین، دەستگیر بکەن.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی سووریا "سانا" لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنی بڵاوی کردەوە، لەکاتی هەوڵدان بۆ دەستگیرکردنی، فڕۆکەوانەکەی پێشووی سوپای سووریا شەڕ و پێکدادان ڕووی دا.

بە گوێرەی ڕوانگەکە، لە ئەنجامی شەڕو پێکدادانەکان، شەلهوب و ئەندامێکی هێزە ئەمنییەکان کوژران.

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ئاماژەی بەوەش کرد، لە دوای ڕووداوە خوێناوییەکانی مانگی ڕابردوو لە کەناراوەکانی سووریا، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە هەزار و 700 کەس کە زۆرینەی عەلەوی بوون، بەڵام لە سەرەتای ئەم مانگەش جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لەو ناوچانە ڕوویانداوە و دۆخەکە خراپتر بووە.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment