ئەسعەد شەیبانی: سووریا نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێک

وەزیری دەرەوەی سووریا، جەختی لە هەڵگرتنی سزا نێودەوڵەتییەکان لەسەر سووریا کردەوە، هاوکات ئاماژەی بە پێویستی کشانەوەی سوپای ئیسرائیل لە وڵاتەکەی کرد.
هەینی 25ـی نیسانی 2025، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، لە میانەی بەشداریی لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی، لەبارەی دۆخی سووریا، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، سووریای ئەمڕۆ بۆ هەمووانە، بۆ هەموو کەسانەیە کە لە ترسی ڕژێمی ئەسەد وڵاتەکەیان جێهێشتبوو.
وەزیری دەرەوەی سووریا، دەڵێت: سەرۆکی سووریا بەڵێنی داوە لە سووریا فرەکولتووری ڕەنگ بداتەوە و هەموو کەسێک دەنگ و مافی خۆی هەبێت.
هاوکات نەیشاردەوە، کە هێشتا ئاڵنگارییەکان لە سووریا ماون کە هەڕەشەن بۆ سەر وڵاتەکە و وڵاتانی دیکەش. جەختی لەوەش کردەوە، سووریا ئامادەیە هیوا بداتە هەموو ئەو کەسانەی کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە وڵاتەکە.
لەبارەی سزاکانی سەر سووریاوە گوتی: پێویستە سزاکانی سەر وڵاتەکەمان هەڵگیرێت، ئەو سزایانە دژی حکوومەتەکەی ئێمە نەبوون بەڵکو دژی ڕژێمەکەی ئەسەد بوو.
باسی لەوەش کرد، ئەگەر سزاکانی سەر سووریا هەڵنگیرێت، ئەوا وڵاتەکە ناتوانێت ببێتە وڵاتێکی پێشکەوتوو. ئەسعەد شەیبانی، دەڵێت: ئەگەر ئەم سزایانە هەڵبگیرێت لە داهاتوویەکی پڕ کێشەوە دەچێنە داهاتوویەکی زۆر گەش و خۆشگوزەران، کە کاریگەریی لەسەر سەقامگیری ناوچەکەش دەبێت.
وەزیری دەرەوەی سووریا، باسی لە بوونی سوپای ئیسرائیل لە وڵاتەکەی کرد و ئاماژەی بەوە دا، ئیسرائیل بەردەوام سەروەریی خاکی سووریا پێشێل دەکات و ئاشتی و سەقامگیرییەکەی پشتگوێ دەخوات.
هاوکات داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کرد، گوشار بخاتە سەر ئیسرائیل بۆ ئەوەی هێزەکانی لە سووریا بکشێنێتەوە و ڕێککەوتنی ساڵی 1974 جێبەجێ بکات.
گوتیشی: سووریا جارێکی دیکە نابێتە هەڕەشە بۆ سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ و هەموو جیهان، هەروەها جارێکی دیکە داوا لە وڵاتان دەکەم باڵوێزخانە و کونسوڵخانەکانیان لە وڵاتەکەمان بکەنەوە.