ناكۆكییهكانی ههردوو باڵهكهی بزووتنەوەی گۆڕان قووڵتر دهبنهوه
باڵی کوردسات سبەی کۆنفرانس دەکات و باڵی گردی زەرگەتەش دەڵێ "دڵنیاین ڕێژەی یاسایی بۆ بەستنی کۆنگرە تەواو نابێت"

بزووتنهوهی گۆڕان، باڵی كوردسات لە راگەیەندراوێکدا بڵاوی کردووەتەوە، پاش هەوڵ و تەقەلایەکی زۆر و کردنەوەی گرێ یاساییەکان سبەی شەممە كۆنفرانس دەبەستن، لە بەرانبەردا باڵی گردی زهرگهته وەڵامیان داوەتەوە و داوا دەکەن شێوەیەکی یاسایی ئەو کۆنفرانسەی لە 5ى ئەم مانگە کراوە، پەسند بکرێت، ئاماژەشیانداوە کە سبەی ڕێژەی یاسایی بۆ بەستنی کۆنفرانسەکە تەواو نابێت.
لە ڕاگەیەندراوەکەی بزووتنهوهی گۆڕان، باڵی كوردسات هاتووە، پاڵپشت بە فەرمان و ڕێنماییەکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کاتژمێر 10ی سبەی شەممە 26ی نیسانی 2025، لە هۆڵی ئاشتی لە شاری سلێمانی کۆنفرانسی بزووتنەوەی گۆڕان دەست بەکارەکانی دەکات.
هەروەها ڕایگەیاندووە، کۆنفرانسەکە بە سەرپەرشتیی كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، فەرمانگەی پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان، ئامادەبوەنی نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی کارەکانی کۆنفرانس بەڕێوە دەبرێن.
باڵی کوردسات، پەیامێکیشی ئاراستەی هەڵسوڕاوان کردووە و دەڵێت: ئەو هەڵسوڕاوانەی مافی بەشداری و ناویان لە لیستی دەستەی گشتی بزوتنەوەی گۆڕان هەیە، دەست لەناو دەست، ناکۆکییەکان وەلا بنێن و لەپێناو سەرپێخستنەوەی بزوتنەوەی گۆڕان، هۆڵی ئاشتی بکەنە وێستگەی گۆڕانکاریی و نوێبوونەوە و بەشداری کۆنفرانسەکەی سبەی بکەن.
لە بەرانبەر بەستنی کۆنفرانسی باڵی کوردسات، بزووتنەوەی گۆڕان باڵی گردی زەرگەتە پەیامێکی بۆ ڕاى گشتى بڵاوکردووەتەوە و ڕایگەیاندووە، پێشتر لەڕۆژى 5ى نیسانی 2025، بزووتنەوەی گۆڕان کۆنفرانسى دامەزراندنى بەڕێوە بردووە، هەربۆیە بە یاسایی داواى پەسەندکردنى کۆنفرانسە دەکات و چاوەڕوانی وەڵامی ئەرێنی دەکات.
هەروەها ڕەخنەی گرتووە و ئاماژەیداوە، سەرەڕای بەستنی کۆنگرە، کەچی بە بڕیارێکى کۆمسیۆن سبەینێ کۆنفرانسێکى نوێ دەکرێت، هەربۆیە لەڕووى یاساییەوە تا وەڵامى کۆنفرانسی 5ی ئەم مانگە وەرنەگرێتەوە، کۆنفرانسەکەى سبەی خەوشى قانونی لەسەرە و دڵنیاین سبەینێ ڕێژەی یاسایی کۆنفرانسەکە تەواو نابێت.
باڵی زەرگەتەی گۆڕان ڕاشیگەیاندووە، بەگوێرەى یاسا دەبێت 1064 کەس لە ئەندامانى دەستەى گشتى بە بەڵگەنامەی فەرمی ئامادەبن، بۆیە بەرپرسیارێتى یاسایی سەبارەت بە ڕێژەى یاسایی دەکەوێتە ئەستۆی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان و دەبێت خۆی لە هەر دەستێوەردانێکی نایاسایی بە دوور بگرێت.