عێراق: مارکۆ ڕوبیۆ پابەندبوونی ئەمەریکای بۆ پشتیوانی لە سەقامگیریی عێراق دووپات کردەوە

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند: هەردوو وەزیری دەرەوەی عێراق و ئەمەریکا لە کۆبوونەوەی نێوانیان، گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی هاوکاری و هەماهەنگیی هاوبەش کرد، بە تایبەت لە بوارەکانی سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا، هەروەها جەختیان لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە ناوچەکەدا کرد.
هەینی 25ـی نیسانی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، هاوتا ئەمەریکییەکەی لە واشنتن کۆبووەوە.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق، لەبارەی کۆبوونەوەکە ڕایگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، هەردوولا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی پەیوەندییەکان کرد بە تایبەتی لە بواری سیاسی، ئەمنی و ئابووریدا.
بە پێی ڕاگەیەندراوەکە، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لە گرنگی بەرزکردنەوەی هاوکارییە ئەمنییەکان و ئاڵوگۆڕی زانیاری بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان کرد.
فوئاد حوسێن، ئاماژەی بەوە کرد، عێراق هەنگاوی کۆنکرێتی ناوە بەرەو هەمەچەشنکردنی سەرچاوەکانی وزە و کەمکردنەوەی پشتبەستن بە گازی هاوردە، هەروەها عێراق دەستی کردووە بە هاوردەکردنی کارەبا لە وڵاتانی دیکە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لەسەر گرنگی پێداچوونەوە بە هۆشدارییە ئەمنییەکانی پەیوەست بە گەشتکردن بۆ عێراق کردەوە، وەک خۆی ئاماژەی پێ دەکات، ئەم هۆشدارییانە کاریگەریی نەرێنییان لەسەر هاتنی کۆمپانیا ئەمەریکییەکان بۆ وڵاتەکە هەیە.
لای خۆیەوە مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پابەندبوونی وڵاتەکەی بۆ پشتیوانی لە سەقامگیریی عێراق دووپات کردەوە. هەروەها ستایشی ئەو هەوڵە هاوبەشانەی کرد کە لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆرستانی داعش نراون.