کۆشکی سپی: کۆبوونەوەی ترەمپ و زێلێنسکی بەرهەمدار بوو
شەممە، 26ـی نیسانی 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا، لەپەراوێزی ڕێوڕەسمی بەخاکسپاردنی پاپا فرانسیس، لەگەڵ ڤۆلۆدیمێر زێلنسکی کۆ بووەوە، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی ئەو دوو سەرۆکەیە لە دوای پێکداهەڵپژانەکەی نێوانیان لە کۆشکی سپی.
ستیڤن چۆنگ، بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی کۆشکی سپی ڕایگەیاند "کۆبوونەوەکە پێش بەشداریی لە پرسەی پاپا فرانسیس لە ڕۆما کراوە. "گفتوگۆیەکی زۆر بەرهەمدار بووە." ئاماژەی بەوەش کردووە، دواتر وردەکاری زیاتر سەبارەت بە کۆبوونەوەکە ڕادەگەیەنرێت.
لە مانگی شوباتی ڕابردوودا، دۆناڵد ترەمپ و ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی لە کۆشکی سپی لەسەر ڕێێکەوتنی بەرهەمە کانزاکانی ئۆلرانیا کۆ بوونەوە، بەڵام دوای ماوەیەکی کەم گرژی و ئاڵۆزی دروست بوو و زێلێنسکی بەتووڕەییەوە کۆشکی سپی جێهێشت.
لە مشتومڕەکەدا، ترەمپ زێلێنسکی تۆمەتبارکرد بە "قومارکردن لەسەر جەنگی جیهانی سێیەم"، هۆشداریشی دا "یان ڕێککەوتنێک دەکەیت یان دوورت دەخەینەوە"، گوتیشی "دەبێت سەرۆکی ئۆکرانیا سوپاسی ئێمە بکات."
ڕووبەڕووبوونەوەکە بووە هۆی ئەوەی زێلێنسکی بەبێ ماڵئاوایی فەرمی لەلایەن ترەمپەوە کۆشکی سپی بەجێ بهێڵێت.