عوممان: دانوستانەکانی ئێران و ئەمەریکا هەفتەی داهاتوو بەردەوام دەبێت

وەزارەتی دەرەوەی عوممان ڕایگەیاند: هەفتەی داهاتوو گەڕی چوارەمی دانوستانەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران بەڕێوە دەچێت.
شەممە 26ـی نیسانی 2025، بەدر ئەلبوسەعیدی، وەزیری دەرەوەی عوممان، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس بڵاوی کردەوە، لە گەڕی سێیەمی دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران، بنەما، ئامانج و پرسە تەکنیکییە بنەڕەتییەکان خرانە بەر باس.
وەزیری دەرەوەی عوممان، ئاماژەی بەوە کرد، هەردوو شاند درێژە بە دانوستانەکانیان دەدەن و شەممەی داهاتوو 3ـی ئایار، گەڕی چوارەمی دانوستانەکان بەڕێوە دەچێت.
شەممە 26ـی نیسانی 2025، هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران، لەبارەی بەرنامەی ئەتۆمیی تاران لە مەسقەتی پایتەختی عوممان، بۆ سێیەمین جار کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە بە سەرۆکایەتیی ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و عەباس عراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران بەڕێوەچوو.
مێدیاکانی ئێران بڵاویان کردەوە، گەڕی سێیەمی دانوستانە ناڕاستەوخۆکەی هەردوو شاند، نزیکەی 9 کاتژمێری خەیاندووە. هاوکات ئاماژەیان بەوە دا، شاندی هەردوولا بۆ ڕاوێژ گەڕانەوە وڵاتەکانیان.
لە 19ـی نیسانی 2025، هەردوو شاندی ئەمەریکا و ئێران لەنێو باڵیۆزخانەی عوممان لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا کۆبوونەوە و ڕێککەوتن لەسەر درێژەدان بە دانوستانەکانی نێوانیان.