لەبارەی داخرانی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا ڕوونکردنەوە دەدرێت

نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید ڕایگەیاند: باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، لە ساڵی 2023 داخرا و هەر ئەو کات کاروباری باڵیۆزخانەکە گواسترایەوە بۆ وڵاتەکە.
شەممە 26ـی نیسانی 2025، شۆڕش قادر ڕەحیم، نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید، لەبارەی داخرانی باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق ڕوونکردنەوەی دا و بە ئاوارە هەوارمی، پەیامنێری کوردستان24ـی گوت: بابەتی داخرانی باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە عێراق، بابەتێکی کۆنە و دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 2023.
نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە سوید، ئاماژەی بەوە دا، لە ساڵی 2023 کە باڵیۆزخانەی سوید لە عێراق داخرا، هەر ئەو کات کاروباری باڵێۆزخانەکە گواسترایەوە بۆ سوید.
لەبارەی کردنەوەی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا، شۆڕش قادر، ڕایگەیاند: دوو هەفتە پێش ئێستا شاندێکی حکوومەتی عێراقی سەردانی سویدیان کرد بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە بەغدا.
باسی لەوەش کرد، بڕیارە هەفتەی داهاتوو شاندێکی دیکەی حکوومەتی عێراق، سەردانی سوید بکات و ئەگەری دووبارە کردنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکە لە بەغدا لە ئارا دایە.
لای خۆیەوە بۆتان ساڵح، بەڕێوەبەری کاروباری کارگێڕی لە نووسینگەی باڵیۆزخانەی سوید لە هەولێر، بۆ کوردستان24 ئاشکرای کرد، بابەتی داخرانی باڵیۆزخانەی سوید لە بەغدا کۆنە و تازە نییە، ئەو کاتەی کە داخرا نووسینگەی باڵیۆزخانەکەش لە هەولێر بە هەمان شێوە داخرا.
گوتیشی: ئێمە پێشتر لە نووسینگەی باڵیۆزخانەکە لە هەولێر هەفتانە سێ ڕۆژمان دەستنیشان کردبوو بۆ ڕاییکردنی کاروباری هاووڵاتییان، ئێستا هەواڵی کردنەوەی نووسینگەکە لە هەولێر لە ئارا دایە.