کەنەدا.. ئۆتۆمبێلێک خۆی کرد بەناو فێستیڤاڵێکدا

لەشاری ڤانکۆڤەر، لە باشووری ڕۆژاوای کەنەدا، ئۆتۆمبێلێک خۆی بەناو ئاپۆڕەی خەڵکدا کردووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی گیانیان سپارد و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
پۆلیسی ڤانکۆڤەر ڕایگەیاند، لە کاتی فێستیڤاڵێکدا ئۆتۆمبێلێک خۆی کردووە بەناو خەڵکەکەدا و ژمارەیەک کەس گیانیان سپارد و بریندار بوون. ئاماژەی بەوەش کرد، شۆفێری ئۆتۆمبێلەکەکە دەستگیر کراوە.
ڕووداوەکە ئێوارەی ڕۆژی شەممە ڕووی دا، لە کاتێکدا بووە کە فلپینییەکانی کەنەدا ئاهەنگیان بەبۆنەی ڕۆژی 'لاپۆ لاپۆ' دەگێڕا و نمایشیان لە سەر شەقامەکان دەکرد.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای نیوز، تا ئێستا دەسەڵاتدارانی ڤانکۆڤەر ناسنامەی شۆفێرەکە و هۆی ڕووداوەکەیان ئاشکرا نەکردووە.
شایەتحاڵێک بە میدیاکانی کەنەدای ڕاگەیاندووە، زیاتر لە 20 قوربانییان بینیووە، هەروەها بەشێک لە ئامادەبووان دەڵێن، لەناکاو گوێیان لە هاوار بووە، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی وەرزشی خۆی کردووە بە ناو خەڵکەکەدا و زیاتر لە دەیان کەسی لە نزیک شەقامی 43ی ڕۆژهەڵات و شەقامی فرایزەر، شێلاوە.
لاپۆ لاپۆ، سوڵتانێکی موسڵمانی دوورگەی ماکتان بووە، کە یەکێکە لە دوورگەکانی ڤیسایان لە فلیپین، فلیپینییەکان بە یەکەم پاڵەوانی نەتەوەیی دەزانن کە بەرەنگاری داگیرکەرانی ئیسپانی بووەتەوە.