گرژییەکانی هیندستان و پاکستان تەقەی تێ کەوت

یەکشەممە، 27ـی نیسانی 2025، سوپای هیندستان ڕایگەیاند، بۆ سێیەم شەوە لەسەریەک، هیندستان و پاکستان لەسەر سنوورەکان تەقە لەیەکتر دەکەن، ئەو گرژییەش لە دوای هێرشێک هات کە بەهۆیەوە 26 هاووڵاتی مەدەنی لە کشمیر کوژراون.
سوپای هیندستان، ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە کە تێیدا هاتووە "شەوی ڕابردوو سوپای پاکستان، لە کەرتی تۆماری گالی و ڕامپور بەچەکی سووک، تەقەیان لە هێزەکانی هیندستان کردووە."
ئاماژەی بەوەش دراوە، هێزەکانی هیندستانیش بە چەکی سووک وەڵامی تەقەکانی هێزەکانی پاکستانی داوەتەوە، بەبێ ئەوەی ئاماژە بە بوونی زیانی گیانی بکرێت. هەروەها سوپای هیندستان لە دوو شەوی پێشوودا ڕووداوی هاوشێوەی لەسەر سنوورەکان ڕاگەیاندبوو.
گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان دوای هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو هات، کە چەکداران لە پاهالگام، لە کشمیر 26 یان کوشتووە، کە ئەو ناوچەیە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەلام هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی هێرشەکەی نەخستۆتە ئەستۆی خۆی؛ هەرچەند نیودەلهی، ئیسلامی ئابادی بەوە تۆمەتبار کردووە کە ئەو لە پشت هێرشەکەوەیە.
لەبەرانبەر پاکستان تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنی کرد سەبارەت بەو هێرشەی کراوەتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچەیەی کە زۆرینە موسڵمانن.
ڕۆژێک دوای هێرشەکە، هیندستان زنجیرەیەک ڕێوشوێنی دیپلۆماتیی لە دژی ئیسلام ئاباد ڕاگەیاند، لەوانە ڕاگرتنی پەیماننامەی سەرەکیی دابەشکردنی ئاو، داخستنی دەروازەی سەرەکیی وشکانی نێوان هەردوو وڵات، کەم کردنەوەی ژمارەی دیپلۆماتکاران.
لە بەرامبەردا، ئیسلام ئاباد دوابەدوای کۆبوونەوەیەکی لیژنەی ئاسایشی نیشتمانیی، نیوەڕۆی ڕۆژی پێنجشەممە، دەرکردنی دیپلۆماتکاران و ڕاگرتنی ڤیزە بۆ هیندییەکان و داخستنی سنوورەکانی وشکانی و ئاسمانی لەگەڵ هیندستان و ڕاگرتنی ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ڕاگەیاند.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان داوای لە هەردوو وڵات کرد دان بەخۆدا بگرن، هەروەها لە دوای دابەشبوونیان لە ساڵی 1947ەوە تاوەکوو ئێستا هەردوو وڵات سێ شەڕیان کردووە.
سعوودییەش هەوڵەکانی خستووەتە گەڕ بۆ کۆنترۆڵکردنی گرژییەکانی نێوان هەردوو وڵات، هاوکات ئێرانیش پێشنیازی نێوەندگیریی بۆ چارەسەری دۆخەکە دەکات.