حەیدەر شەشۆ: نابێت پەکەکە دەرفەت بداتە هیچ هێزێک هێرش بکاتە سەر شنگال

فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان لە شنگال ڕایگەیاند: ئەگەر پەکەکە لە شنگال نەمێنێت، ئارامی باڵ بەسەر ناوچەکەدا دەکێشێت، دەڵێت: پێویستە پەکەکە چەک ڕادەستی ئەو خەڵکە بکات کە پارێزگارییان لە شنگال کرد، داوای لە خەڵکی شنگالیش کرد، بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.
یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، حەیدەر شەشۆ، فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان لە شنگال بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: وەک خەڵکی شنگال دەخوازن، کێشەکانی نێوان پەکەکە و تورکیا بە شێوازێکی مەدەنی و دوور لە بەکارهێنانی چەک چارە بکرێن و مافەکانی کورد دەستەبەر بکرێن و پارێزراو بن، دەشڵێت: هەموو ئەو ناوچانەی لە باکووری کوردستان و هەر پارچەیەکی کوردستاندان، خەڵکەکەی بە ئازادی بژین و کێشەکانی لە ناوچەکان هەن نەمێنن، شەشۆ ئاماژەی بەوەشکرد، پەیامەکەی ئۆجەلان بۆ پەکەکە بەشێوەیەکی ڕوون لەسەر چالاکییەکانی ئەو هێزە دەرنەکەوتووە، چونکە چالاکییەکانیان لەو ناوچانە بەردەوامە.
فەرماندەی هێزی پاراستنی ئێزدیخان داوای لە پەکەکە کرد پابەندی پەیامەکەی ئۆجەلان بن، هیوای خواست چالاکییەکانی پەکەکە کاریگەریی لەسەر بارودۆخی شنگال نەبێت.
حەیدەر شوشۆ ئاماژەی بەوە کرد، پرسی پەکەکە پرسێکی نێودەوڵەتییە و پرسی ناوخۆیی عێراق نییە، بەڵام پرسی گەڕانەوەی ئاوارەکانی شنگال پەیوەستە بە ڕێککەوتنی حکوومەتی عێراق و حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەسەرپەرشتی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان کە پێویستە جێبەجێ بکرێت بۆ ئاسایی بوونەوەی دۆخی شنگال.
شەشۆ دەڵێت: ئەگەر پەکەکە چەکی خۆی ڕادەستی خەڵکی شنگال بکات، ئارامی بۆ ناوچەکە دەگەڕێتەوە و خەڵک بە ئارامی دەژیت، پرسی مانەوەی پەکەکە لە شنگال پرسێکی سیاسیە و پەیوەستە بە ڕێککەوتنەکانی حکوومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان، هەر کاتێک حکوومەتی عێراق ئەرکی خۆی جێبەجێ بکات، پەکەکە لە ناوچەکە نامێنێت، بەڵام حکوومەتیی عێراق ئەرکی خۆی لە شنگال جێبەجێ ناکات، بۆیە داوا لە خەڵکی شنگال دەکەم بگەڕێنەوە سەر ماڵ و حاڵی خۆیان، ئەو شوێن و ماڵانەشی کە پەکەکە گرتوونی لە شنگال، دوای گەڕانەوەی خەڵکەکە و جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی حکوومەتی عێراق لەگەڵ هەرێمی کوردستان، چۆڵیان دەکات و خەڵکەکەشی دەتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵی خۆیان.
ئاماژەی بەوەشکرد، هیچ زانیارییەکی لەبارەی هێزەکانی پەکەکە لە شنگال نییە، پێی وابوو زانیاری لەبارەی چەکی قورسی پەکەکە، لەلای حکوومەتی عێراق هەیە.
دەڵێت: پەکەکە دەسەڵاتی لە شنگال هەیە و لە هەندێ ناوچەش خەڵک ناڕازییە لە بوونی پەکەکە لەو ناوچانە، گوتی: هێزەکانی عێراقیش لەوێ هەن، ئەگەر پەکەکەش چەک ڕادەست بکات، دۆخی شنگال ئاسایی دەبێتەوە، هیوادارین پەکەکە دەرفەت نەداتە هیچ هێزێک هێرش بکاتە سەر شنگال.