روونکردنەوەی لەبارەی سووتانی دوو بارهەڵگرەکەی ئیبراهیم خەلیل دەدرێت
"کام دەزگای میدیایی دەیەوێت، با سەردانمان بکات"

K24 - هەولێر
گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل روونکردنەوە لەبارەی سووتانی دوو بارهەڵگر دەدات کە ئێوارەی دوێنێ لە گۆڕەپانی دەروازەکە گڕیانگرت و دەشڵێ، کام میدیا دەیەوێت با مەیدانی سەردان بکات بۆ زانینی راستیی بابەتەکە.
ئێوارەی دوێنێ (دووشەممە، 3-8-2020) کاتژمێر 05:10 لە گۆڕەپانی کۆمەڵگەی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل دوو بارهەڵگر سووتان. کامی کەمال، گوتەبێژی دەروازەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل لە روونکردنەوەکەدا رەتی دەکاتەوە دۆسیە و نووسینگەی دەروازەکە سووتابن.
لە راگەیەندراوەکەدا ناوی شۆفێرەکان: ئەحمەد محەممەد سەیدۆ و نەبی حوسێن دوفرانش لەگەڵ ژمارەی ئۆتۆمبێلەکانیان (34LA6125 و 34OB145) ئاشکرا کراوە.
لەدوای رووداوەکە لە سۆشیاڵ میدیاکاندا وابڵاوکرایەوە نووسینگە و دۆسییەکانی نێو کۆمەڵگەکە سووتاون، بەڵام گوتەبێژەکەی دەروازەری نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل ئەمە رەتدەکاتەوە و دەڵێ "ئەم گوتانە رەتدەکەینەوە و بێبنەمان، هەر دەزگایەکی راگەیاندنیش دەیەوێت؛ دەتوانێت سەردانی مەیدانیی بکات و راستیی رووداوەکە ببینێت".
کامی کەمال جەخت دەکاتەوە لەوەی لە رووداوەکەدا زیانی گیانی نەبووە، بەڵام هەردوو بارهەڵگرەکە، کە کەلوپەلی هەمەجۆری وەک پێویستییەکانی بازاڕی ئۆنلاینیان تێدا بووە، سووتاون و ئاگرەکەش لەئەنجامی بەرزبوونی پلەی گەرما و بوونی کۆڵۆنیا و سپرا دروستبووە.
هـ.ر.