ناتانیاهۆ: لە بە ئامانجگرتنی سەرکردەکانی حزبوڵڵا سەرکەوتوو بووین

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، دەڵێت: سوپای وڵاتەکەمان باڵاترین سەرکردەکانی حزبوڵڵای کوشتووە، هەروەها سەرکەوتوو بووین لە لەناوبردنی چەک و مووشەکەکانی حزبوڵڵا کە 30 ساڵ بوو ئامادەیان دەکرد بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل.

یەکشەممە 27ـی نیسانی 2025، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، بە کوشتنی حەسەن نەرسوڵڵا، گورزێکی وێرانکەر بەر حزبوڵڵا کەوت، هەروەها ئێمە سەرکەوتوو بووین لە کوشتنی سەرکردە باڵاکانی حزبوڵڵا و لەناوبردنی چەک و مووشەکەکانیان کە 30 ساڵ بوو بۆ هێرشکردنە سەر ئیسرائیل ئامادەیان دەکرد.

لەبارەی پەیجەرەوە، گوتی: ئێمە ئەمەریکییەکانمان ئاگادار نەکردبووە لەوەی کە بە نیاز بووین پەیجەرەکانی چەکدارانی حزبوڵڵا بتەقێنینەوە، بەڕاستی ئەو کارەی کە کردمان حزبوڵڵای تووشی شۆک کرد.

باس لەوە کرد، سەرەتا لە غەززە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان کرد و دواتر لە لوبنانیش دەستیان پێ کرد، دوای ئەوەی حزبوڵڵا شانبەشانی حەماس جەنگی دژی ئیسرائیل ڕاگەیاند. جەختی لەوە کردەوە، ڕێگە نادەن وڵاتی ئیسرائیل شکست بهێنێت.

هاوکات لەبارەی فەڵەستینەوە، ناتانیاهۆ، دەڵێت: بیرۆکەی دامەزراندنی دەوڵەتی فەڵەستین ڕەت دەکەینەوە، چونکە فەڵەستینییەکان دەیانەوێت دەوڵەتی خۆیان لە چوارچێوەی ئیسرائیل دابمەزرێنن نەک لە تەنیشتییەوە.

سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل، باسی لە جۆو بایدن کرد و ئاماژەی بەوە کرد، داواکاری بایدنم ڕەتکردەوە کە دەیویست هێرشەکانمان بۆ سەر غەززە سنووردار بکات.

لەبارەی سووریاوەش گوتی: سەرکەوتوو بووین لە لەناوبردنی 90%ـی ژێرخانە سەربازییەکانی ڕژێمی پێشووی سووریا.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment