حکوومەتی تورکیا میکانیزمێک بۆ پرۆسەی ئاشتی دیاری دەکات

کۆبوونەوەی حکوومەتی تورکیا (ئەرشیف)
کۆبوونەوەی حکوومەتی تورکیا (ئەرشیف)

حکوومەتی تورکیا بە سەرپەرشتیی ئەردۆغان، پرۆسەی نوێی ئاشتی و چەند پرسێکی دیکە تاوتوێ دەکات. 

دووشەممە، 28-04-2025، کابینەی حکوومەتی تورکیا بە سەرۆکایەتیی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە، کۆ دەبێتەوە. 

بە گوێرەی زانیاریی میدیاکانی تورکیا، لە کۆبوونەوەکەدا پرۆسەی نوێی ئاشتی لە تورکیا و باکووری کوردستان، چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، کۆبوونەوەی شاندی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لەگەڵ ئەردۆغان، بوومەلەرزەکەی چەند ڕۆژی ڕابردووی ئیستانبوڵ و چەند پرسێکی دیکەی ناوخۆیی تاوتوێ دەکرێن. 

میدیاکانی تورکیا ئاماژەیان بەوەش کردووە "لە کۆبوونەوەی حکوومەتدا، میکانیزمێک بۆ چۆنییەتی چاودێریی پرۆسەی نوێی ئاشتی و چەکدانانی پەکەکە دیاری دەکات." 

ڕۆژی پێنجشەممە، 24ـی نیسانی 2025، شاندی دەم پارتی کە پێک هاتبوون لە گولستان کلیچ کۆچیغیت، سێزای تەمەلی جێگرانیی سەرۆک فراکسیۆنی دەم پارتی و ئۆزتورک تورکدۆغان، یاریدەدەری هاوسەرۆکی پارتەکە لەگەڵ یڵماز تونچ وەزیری داد، کۆ بوونەوە. 

کۆبوونەوەکە، لە کاتێکدا بوو، ڕۆژی دووشەممە، 21-04-2025، بۆ جاری چوارەم شاندی دەم پارتی بۆ ئیمراڵی لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیكراوی پەکەکە کۆ بوونەوە.

پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمرالی لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند "هەوڵەکانی ئۆجەلان بۆ ڕاگەیاندنی پرۆسەی نوێی ئاشتی بەردەوامن."