گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران: سەبارەت بە پیتاندنی یۆرانیۆم لەناوخۆی ئێراندا، دانوستان ناکەین!

ئیسماعیل بەقائی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە کۆنفرانسی ڕۆژنامەگەریی هەفتانەدا، ڕایگەیاند، پیتاندنی یۆرانیۆم لە ناوخۆی ئێران، هێڵی سوورە و لە دانوستانەکاندا گفتوگۆی لەبارەوە ناکەین.
بەقائی، لە سەرەتای کۆنفرانسەکەدا، سەرەخۆشیی لە کەسوکاری کوژراوانی تەقینەوەکەی بەندەر ڕەجایی کرد و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست. بە تایبەتیش سوپاسی ڕووسیای کرد لەوەی پێش هەموو وڵاتان، یارمەتیی و هاوکاریی بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگری تەقینەوەکە، گەیاندووەتە ئێران.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەروا گوتی: وردەکاریی هەر دانوستانێک دەبێ لە چوارچێوەیەکی گشتیدا بێت کە هەردوو لایەن لەسەری ڕێککەوتبن، کەواتە ئێمە سەبارەت بە وردەکارییەکان ڕێکناکەوین، ئەگەر لەگەڵ بەرژەوەندیی گشتیی ئێراندا هاوتەریب نەبن. ئەو هێڵەسوورانەی لەسەرەتاوە دەستنیشانمان کردوون، بە درێژای دانوستانەکان پەیڕەو دەکرێن.
بڕیارە هەفتەی داهاتوو گەڕی چوارەمی دانوستانەکان لە نێوان وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامیی ئێران و ویتکۆف، نوێنەری تایبەتی ترەمپ بۆ کاروباری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفەریقا، بەڕێوە بچێت. ئێران، وەک گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕایگەیاند "هیوادارە ئەورووپا ڕۆڵێکی باشی لە سەرخستنی دانوستانەکاندا هەبێت."
بەقائی، لە وەڵامی پەیامنێراندا سەبارەت بە جۆری دانوستانەکان، گوتی: ئا ئێستا دانوستانەکان بە شێوەی ناڕاستەوخۆن. ئێمە مەبەستمانە ڕێککەوتنێک بکەین کە لەبەرژەوەندیی گەلی ئێراندا بێت و سزا ئابوورییەکان بە زووترین کات هەڵبگیرێن، چونکە مانەوەی ئەو سزایانە، کاریگەریی خراپی کردووەتە سەر گوزەرانی گەلی ئێران.
بەقائی، سەبارەت بە فشارەکانی ئەمەریکا بۆ سەر چین، گوتی: ئەمەریکا سیاسەتی فشار، تەنیا بەرانبەر ئێران و چین پەیڕەو ناکات، بەڵکو بەرانبەر هەر دەوڵەتێک کە لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی ئەو زلهێزەدا هاوڕا نەبێت؛ ئەمەش نیشانەی پێشێلکردنی هەموو پەیماننامە بازرگانییە نێودەوڵەتییەکانە و دژی بنەماکانی مافی مرۆڤە و دەبێتە بەربەست لەبەردەم پەیوەندیی دۆستانەی نێوان گەلان.