کەیهان وەڵامی هەم میهەن دەداتەوە

تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی شەڕی میدیایی ناوخۆی ئێرانی گەرم کردووە

ڕۆژنامەی کەیهان لە ژمارەی ئەمڕۆیدا، وەڵامێکی توندی ڕۆژنامەی هەم میهەنی داوەتەوە و نووسیویەتی "خاکفرۆشانیش قسەی خۆیان هەیە"؛ و سەروتارەکەی هەم میهەن بە سووتەمەنی ئاگرخۆشکردنی ناکۆکی و دووبەرەکیی ناوخۆی ئێران ناو دەبات.

ڕۆژنامەی کەیهان لە وتارێکی تونددا، بە ناونیشانی "خاکفرۆشانیش سەبارەت بە تەقینەوەکە، قسەی خۆیان هەیە"، نووسیویەتی: سەروتاری ڕۆژنامەی (هەم میهەن)، بەبێ ناو و ئیمزای نووسەرەکەی بڵاو کراوەتەوە، بەڵام لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تایبەتیی عەباس عەبدی، نووسەر و ڕاوێژکاری ڕۆژنامەکە، دووبارە بڵاو کراوەتەوە. تاوانباری فرۆشتنی زانیاریی بە بیانییەکان، ڕووداوی تەقینەوەکەی بەندەر ڕەجایی کردووتە بیانوو بۆ ئەوەی هۆی ئەو کارەساتە، بۆ درزی نێوان خەڵک و حکوومەت بگەڕێنێتەوە.

لە وتارەکەی کەیهان هاتووە، عەباس عەبدی و ڕۆژنامەی هەم میهەن، هەمان بۆچوونی میدیا ئیسرائیل و ئەمەریکاییەکان "کاوێژ" دەکەنەوە، کە هەوڵی ئەوە دەدەن ڕووداوەکە وەک دەستکەوتێک بۆ خۆشکردنی ئاگری دووبەرەکیی ناوخۆیی بەکار بهێنن.

دوێنێ، 27 ی نیسانی 2025، ڕۆژنامەی هەم میهەن، لە سەروتارەکەیدا بە ئاشکرا، هێرشی میدیایی کردبووە سەر هێزە ئەمنی و هەواڵگرییەکانی ئێران بەلاواز ناوی هێنا بوون، لەگەڵ ئەمەشدا ئاماژەی بە لاوازیی هەستی نیشتمانپەروەریی لای هاووڵاتییانی ئێرانی کردبوو، کە وایان لێ دەکات خیانەت لە نیشتمانەکەیان بکەن.

 ڕۆژنامەی کەیهان، لەو وتارەی هەم میهەن زۆر تووڕەیە و دەڵێت: نووسەری ئەو وتارە بە خیانەت و نیشتمانفرۆشی فرچکی گرتووە و دەپرسێت: چۆن دەزانێت ئەو تەقینەوەیە لە ئەنجامی خیانەتی ناوخۆییدا ڕووی داوە؟، سەرچاوەکانی کامانەن و چۆن بەو دەرەنجامە گەیشتووە؟.

لە ئێران، کێشەی نێوان بنئاژۆخوازان و لایەنگرانی چاکسازییخوازەکان بەردەوامە، تەقینەوەکەی بەندەری ڕەجایی شەڕی میدیایی و ململانێ سیاسییەکانی نێوان هەردوو باڵەکەی زەق کردووەتەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment