باخچەلی: کۆنفرانسی کورد لە قامشلۆ بە پاڵپشتی ئەمەریکا و فەرەنسا بووە

دەوڵەت باخچەلی دەربارەی بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی کورد لە قامشلۆ دەڵێت: کۆنفرانسەکە بە پاڵپشتی ئەمەریکا و فەرەنسا بووە، پێویستە پارتی کرێکارانی کوردستان پابەندی بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان بێت.

سێشەممە، 29ـی نیسانی 2025، دەوڵەت باخچەلی سەرۆکی گشتی مەهەپە دەربارەی دوایین پێشهاتەکان ڕاگەیاندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت: کۆنفرانسی یەکڕێزی و  یەک هەڵوێستی کورد لە قامشلۆ بە پاڵپشتی ئەمەریکا و فەرەنسا هاوشانی " پەیەدە" و " ئەنەکەسە" بەڕێوەچووە.

باخچەلی ڕایگەیاند: لە کۆنفرانسەکە دا، باسی فیدڕالی کراوە و سیستەمی مەرکەزی سووریا هاتۆتە باسکردن، خۆشحاڵی خۆی دەربڕیوە بە ڕەتکردنەوەی بڕیارەکانی کۆنفرانسەکە لەلایەن دیمەشقەوە و باس لەوە دەکات کۆنفرانسەکە پێشێلکردنی ڕێککەوتنی نێوان مەزڵووم عەبدی و ئەحمەد شەرعە.

باخچەل داوا لە دەم پارتی دەکات هەڵوێستیان هەبێت بەرانبەر کۆنفرانسەکە و هەروەها داوا لە پەکەکە دەکات بەزووترین کات چەک تەسلیم بکات و پابەند بێت بە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلانەوە.

شەممە، 26-04-2025، کۆنفرانسی یەکڕیزی و یەکهەڵوێستیی کورد لە ڕۆژئاوای کوردستان، بە بەشداریی زیاتر لە 400 کەس دەستی پێ کرد. ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ئەنەکەسە) و پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) دوو لایەنی سەرەکیی کۆنفرانسەکەن. هەر یەکە لە ئەنەکەسە و پەیەدە 130 ئەندامیان لە کۆنفرانسەکەدا هەبوو.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment