شەڕ و پێکدادان لە سووریا جارێکی دیکە سەری هەڵدایەوە

ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ، ڕایگەیاند: لە ئەنجامی شەڕ و پێکدادانەکانی شاری جەرمانەی نزیک لە دیمەشق، لەنێوان کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سووریا لەگەڵ چەکدارانی درووز، لانی کەم 14 کەس کوژران.

سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، ڕوانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاشکرای کرد، شەوی دووشەممە لە شاری جەرمانەی نزیک لە دیمەشقی پایتەخت، شەڕ و پێکدادان سەری هەڵدا، لەنێوان کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی سووریا لەگەڵ چەکدارانی درووز، لانی کەم 14 کەس کوژراون، کە حەوتیان درووز بوون.

ڕوانگەکە دەڵێت: دەسەڵاتدارانی سووریا بەڵێنیان داوە ئەوەی پەیوەندیی بە سەر هەڵدانی ئەو شەڕەوە هەیە بە دوای بگەڕێن و دەستگیری بکەن.

 ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە، شەڕ و پێکدادانەکانی جەرمانە دوای بڵاوبوونەوەی تۆمارێکی دەنگی کەسێک درووزی سەری هەڵدا، کە سووکایەتی بە پێغەمبەر محەممەد(د.خ) کردبوو.

دانیشتووانی شارەکە بە ئاژانسەکەیان ڕایگەیاند: بە درێژایی شەوی ڕابردوو گوێیان لە دەنگی تەقە و تۆپباران بووە، بەڵام تا ڕادەیەک لەم بەیانییە بارودۆخی شارەکە ئاسایی بووەتەوە.

ئاژانسەکە لە زاری وێنگرەکەی ئاشکرای کردووە، ژمارەیەکی زۆری چەکدار لە دەروازەکانی هاتنەژوورەوە بۆ نێو شاری جەرمانە بینراون، هەروەها کارمەندانی وەزارەتەکانی ناوخۆ و بەرگریی سووریا بە ئۆتۆمبێلی زریپۆش، بە درێژایی شارەکە جێگر کرابوون و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیش بە ئاسماندا دەسوڕانەوە.

لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی ناوخۆی سووریا، لە ڕاگەیەندراوێکدا، بڵاوبوونەوەی کارمەندانی وەزارەتی ناوخۆ و بەرگریی وڵاتەکەی لەنێو شارەکە و دەوروبەری، پشتڕاست کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کرابوو، جەرمانە شایەتحاڵی شەڕ و پێکدادانی نێوان کۆمەڵێک چەکدار بووە، کە لە ئەنجامدا کوژراو و برینداری لێ کەوتەوە، لەنێو کوژراواندا ئەندامانی هێزە ئەمنییەکان هەبوون.

بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لێکۆڵینەوەکان بۆ ئاشکراکردنی ناسنامەی ئەو کەسەی کە تۆمارە دەنگییەکەی بڵاو کردووەتەوە لەسەر سوکایەتیکردن بە پێغەمبەری ئیسلام، بەردەوامە.

دەسەڵاتی ئایینی درووز سەرکۆنەی شەڕ و پێکدادانەکان دەکەن

ئەنجوومەنی ڕۆحی کۆمەڵگەی درووز لە جەرمانە، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ئەوە هێرشانەی شەوی ڕابردوو بە تووندی سەرکۆنە دەکەین، هەروەها پاراستنی ژیان، کەرامەت و مووڵکی هاووڵاتییان یەکێکە لە بەرپرسیارێتییە سەرەتاییەکانی دەوڵەت و لایەنە ئەمنییەکان.

ئاماژەی بەوە دا، دەسەڵاتدارانی دەوڵەت بە تەواویی بەرپرسیارن لەوەی کە ڕووی داوە. باسی لەوەش کرد، نیشتمان ڕووبەڕووی گێژاوێکی زۆر گەورە بووەتەوە.

لای خۆیەوە شێخ حیکمەت هیجری، سەرۆکی ڕووحی تەریقەتی یەکگرتوویی درووز لە سووریا، ڕایگەیاند: هێرشە تیرۆریستییە قێزەونەکانی دژی هاووڵاتییانی سڤیل سەرکۆنە دەکەین.

شاری جەرمانە دەکەوێتە باشووری ڕۆژهەڵاتی دیمەشق، زۆرینەی خەڵکی درووز، کریستیان و هەروەها ئەو خێزانانەی لە ئاڵۆزییەکانی سووریا کە لە ساڵی 2011 سەری هەڵدا ئاوارەبوون، لەوێدا نیشتەجێن.

دوابەدوای ئەم ئاڵۆزییانە، ئیسرائیل هەڕەشەی دەستوەردانی بۆ پاراستنی درووزەکانی سووریا کرد. 

ئیسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل، گوتی: "ئێمە فەرمانمان بە سوپا کردووە ئامادەکاری بکات، ئەگەر چەکدارانی حکوومەتی نوێی سووریا زیان بە درووزەکان بگەیەنێت، ئێمە زیانیان پێ دەگەینین".

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment