مارک کارنی: دژی سیاسەتەکانی ترەمپ دەوەستینەوە

سەرۆک وەزیرانی کەنەدا و سەرۆکی پارتی لیبڕاڵی فەرمانڕەوا ڕایگەیاند، گۆڕانکاری گەورە بەڕێوەیه و جەخت لە گرنگی یەکێتی کەنەدا دەکەینەوە. ئاماژەی بەوەشکرد، دژی سیاسەتەکانی ترەمپ بەرامبەر وڵاتەکەیان دەوەستنەوە و بە تایبەت هەڕەشەی لکاندنی کەنەدا بە ئەمەریکاوە.
سێشەممە 29ـی نیسانی 2025، مارک کارنی، سەرۆک وەزیرانی نوێی کەنەدا و سەرۆکی پارتی لیبڕاڵی فەرمانڕەوا، گوتارێکی پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، دەزانن بۆ چوونە ناو سیاسەتم هەڵبژارد، چونکە هەستم دەکرد پێویستمان بە گۆڕانکاری گەورە هەیە لەم وڵاتەدا، بەڵام گۆڕانکاری گەورە لە ژێر پاراستنی بەها بەهێزەکانی کەنەدایە.
هاوکات دەڵێت: وەک دەزانن، ئەمەریکا خاکی ئێمەی دەوێت، سەرچاوەکانمان، وڵاتەکەمان، بەڵام هەرگیز ئەوە ڕوونادات.
گوتیشی: ترەمپ دەیەوێت ئێمە تێکبشکێنێت بۆ ئەوەی ئەمەریکا ببێتە خاوەنمان، ئەوە هەرگیز نابێت رووبدات، هەرگیز هەرگیز ئەوە ڕوونادات.
پارتی لیبراڵەکانی کەنەدا سەرکەوتنی لە هەڵبژاردن ڕاگەیاند و بە گوێرەی ئەنجامە بەراییەکانی هەڵبژاردنی گشتی، پارتی لیبراڵی فەرمانڕەوا بە سەرۆکایەتیی مارک کارنی سەرکەوتنی بەدەست هێناوە، بەڵام نەیتوانیوە زۆرینەی پەرلەمان بەدەستبێنێت و دەبێت هاوپەیمانێتی لەگەڵ پارتێکی دیکەدا بکات.