پاکستان: هیندستان بەنیازە هێرشی سەربازی بکات

وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، عەتەڵلا تارار، ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، ڕایگەیاند "پاکستان زانیاری هەواڵگری متمانەپێکراوی هەیە کە هیندستان بەنیازە لە ماوەی 24 بۆ 36 کاتژمێری داهاتوودا هێرشی سەربازی بکات."
وەزیری ڕاگەیاندنی پاکستان، لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی سۆشیال میدیای ئێکسی خۆی نووسیویەتی: پاکستان زانیارییەکی هەواڵگری باوەڕپێکراوی هەیە کە هیندستان بەنیازە لە ماوەی 24 بۆ 36 کاتژمێری داهاتوودا هێرشی سەربازی بکات و ڕووداوی پەهالگام وەک بیانوویەک بەکاربهێنێت.
ئاماژەی بەوەش کردووە، "هەر کارێکی شەڕانگێزانە وەڵامێکی یەکلاکەرەوەی لەگەڵدا دەبێت. هیندستان لە هەر دەرئەنجامێکی ترسناک لە ناوچەکەدا، بەرپرسیارێتی تەواو لە ئەستۆ دەگرێت."
دوێنێ سێشەممە، 29ـی نیسان، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند "مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا داوای لە هاوتا هیندستان و پاکستانییەکانی دەکات پەرە نەدەن بە دۆخەکە، ئەمەش دوای ئەو هێرشەی لە کشمیر کە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوە دەبرێت، کێشەی لەسەرە.
لای خۆیەوە نارێندرا مودی، سەرۆک وەزیرانی هیندستان، ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی پەسەندکرد، لە کاردانەوەی ئەو هێرشە هەفتەیەک لەمەوبەر لە کشمیر کرا، نیودەلهی پاکستانی دراوسێی بە تاوانبار زانی.
لەلایەکی دیکەوە شەهباز شەریف، سەرۆک وەزیرانی پاکستان هەمان ڕۆژ داوای لە ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، ئامۆژگاری هیندستان بکات، بۆ ئەوەی دان بەخۆدا بگرێت.
گرژییەکانی نێوان هیندستان و پاکستان دوای هێرشەکەی ڕۆژی سێشەممەی ڕابردوو هات، چەکداران لە پاهالگام، لە کشمیر 26 یان کوشتووە، کە ئەو ناوچەیە لەلایەن هیندستانەوە بەڕێوە دەبرێت. بەڵام هیچ لایەنێک بەرپرسیارەتی هێرشەکەی نەخستۆتە ئەستۆی خۆی؛ هەرچەند نیودەلهی، ئیسلامی ئابادی بەوە تۆمەتبار کرد، ئەو لە پشت هێرشەکەوەیە.
لەبەرانبەر پاکستان تۆمەتەکانی ڕەت کردەوە و داوای لێکۆڵینەوەیەکی بێلایەنی کرد، سەبارەت بەو هێرشەی کراوەتە سەر هاووڵاتیانی مەدەنی لەو ناوچەیەی کە زۆرینە موسڵمانن.