ئێران وەڵامی هەڕەشەکانی فەرەنسا دەداتەوە

کۆماری ئیسلامی ئێران لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی وەڵامی هەڕەشەکانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا داوەتەوە و ئاماژەیداوە، فەرەنسا کە لە کارا کردنەوەی ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی کەموکوڕی هەیە، هەڕەشەکانیشی دژ بە بنەماکانی ماف و ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە.

ئەمیر سەعید ئیروانی، باڵیۆز و نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە نامەیەکدا بۆ ئەنجوومەنی ئاسایش، وەڵامی قسەکانی، ژان نوێل باڕۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسای داوە و دەڵێت: لە کۆبوونەوە داخراوەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا چەند پڕوپاگەندەیەکی بێ بنەما و لێدوانێکی ساسیی لەسەر بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمی داوە، لە قسەکانی وای دەرخستووە، گوایە ئێران لە لووتکەی پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمییە. 

ئیروانی دەڵێت؛ قسەکانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، بێبنەمان و پڕوپاگەندەیەکی بە ئەنقەستە و دوو ڕوویی بەشێک لەو وڵاتانەیە کە بەناوی ئەندامی هەمیشەیی ئەنجوومەنی ئاسایش بەرپرسارێتی تایبەتیان لە ئەستۆیە.

بە گوێرەی ڕاپۆرتێکی ئاژانسی ئیسنا، نوێنەری هەمیشەیی کۆماری ئیسلامی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، لە چەند خاڵێکدا، سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایشی ئاگادار کردووەتەوە و ئاماژەیداوە، ئێران هیچ کاتێک بە دوای بە دەستهێنانی چەکی ئەتۆمییەوە نەبووە و دروستکردنی هەموو جۆرە چەکێکی کۆمەڵکوژ بە تەواوی ڕەت دەکاتەوە.

ڕێککەوتننامەی ئەتۆمی، بە بڕیارنامەی ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 2231 لە ساڵی 2015 پەسند کرا، بەڵام تێکدانی ڕێککەوتنەکە بەهۆی ئێرانەوە نەبووە، بەڵکو بەهۆی پاشەکشەی نایاسایی ئەمەریکا و بێ هێزی و لاوازی بەڵێننامە ئابوورییەکانی ئەورووپاوە بووە.

سەعید ئیروانی دەڵێت: دوای ساڵێک دانبەخۆداگرتنی ئێران، دواجار تاران ناچاربوو بە شێنەیی پابەندبوونەکانی بە هەردوو ماددەی 26 و 36 ڕێککەوتننامەکە کەم بکاتەوە، ئەم هەنگاوەشی زۆر بە ڕوونی و ئاشکرا بووە.

لە خاڵی سێیەمی نامەکەی بۆ سەرۆک و ئەندامانی ئەنجوومەنی ئاسایش، نوێنەری هەمیشەیی ئێران دەڵێت: هەڕەشەکانی وەزیری دەرەوەی فەرەنسا بۆ سەپاندنی سزای نوێ و زیاتر بەسەر تاران، کە لێکەوتەی وێرانکاری بۆ سەر ئابووری ئێران هەبێت، لەلایەن حکوومەتی کۆماری ئیسلامی ئێران بە هیچ شێوەیەک قەبوڵکراو نییە و بە لاواز زانینی ئەنجوومەنی ئاسایش نێودەوڵەتییە.

هەروەها ڕایگەیاندووە، فەرەنسا لە کاتێکدا نیگەرانی و مەترسی خۆی لە بەرانبەر مەترسییەکانی تیشکدانەوەی یۆرانیۆمی بەرنامەی ئاشتیانەی ئەتۆمی ئێران دەردەبڕێت، خۆی سەرقاڵی نۆژەن کردنەوەی کورە و وێستگە ئەتۆمییەکانی خۆیەتی.

لە کۆتا خاڵی نامەکەیدا، نوێنەری ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکە پابەندبوونی بە هەوڵە دیبلۆماتییەکانی دەدات، هەربۆیە ئەگەر فەرەنسا و هاوبەشەکانی بە دوا ڕێگە چارەی دیبلۆماتییەوەن، دەبێت ڕێز لە سەروەری و مافی وڵاتان بگرن و چیتر پەنا بۆ زمانی هەڕەشە نەبەن.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment