عێراقییەک بەتۆمەتی دەنگدان لە ئەمەریکا ڕووبەڕووی سزای زیندانیکردن دەبێتەوە

دەسەڵاتدارانی ئەمەریکا تۆمەتی دەنگدانی نایاساییان دایە پاڵ کەسێکی عێراقی بەناوی 'عەقیل عەبدولجەمیل'، چونکە لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەمەریکا لە ساڵی 2020، دەنگی داوە بەبێ ئەوەی ڕەگەزنامەی ئەمەریکی هەبێت و مافی دەنگدانی هەبێت.

ڕۆژنامەی نیویۆرک پۆست بڵاوی کردووەتەوە " عەقیل عەبدولجەمیل تەمەن 45 ساڵ، کاتێک سەرپێچییەکەی کردووە لە شاری ساوس گلێنس فۆڵس، لە نیویۆرک نیشتەجێ بووە." ئاماژەی بەوەش کردووە، مانگێک پێش هەڵبژاردنەکان ناوی خۆی تۆمار کردبوو بۆ دەنگدان لەگەڵ پارتی پارێزگاران و دواتر دەرکەوت کە لایەنگری ترەمپ بووە.

ڕۆژنامەکە ڕوونیشی کردووەتەوە "سەرەڕای تۆمەتبارکرانی، هێشتا عەقیل عەبدولجەمیل دەستگیر نەکراوە." جەختیشی کردەوە  "ماوەیەکی زۆر لە دەرەوەی ئەمەریکا بووە و بانگەشەی ئەوە دەکات کە ڕەنگە کەسێکی دیکە ژمارە و ناسنامەکەی بۆ دەنگدان بەکار هێنابێت."

ئەو عێراقییە دەڵێت: "ئەگەر دەنگم دابا، دەبوو کارتی دەنگدانم بۆ بنێرن." ئاماژەی بەوەش کردووە، ساڵانێک لەمەوبەر ئەمەریکای بەجێ هێشتووە.

بەگوێرەی ڕۆژنامەکە "تۆمەتی دەنگدانی بیانییەکان، تاوانێکی گەورەیە کە سزاکەی ساڵێک زیندانی و  100 هەزار دۆلار سزای داراییە."

جۆن سارکۆن، داواکاری گشتی بە وەکالەت، لە بەیاننامەیەکدا کارەکانی عەقیل عەبدولجەمیلی بە کردەوەیەکی ناشرین و نایاسایی وەسف کرد، هەروەها پابەندبوونی وەزارەتی داد بۆ لێپێچینەوە لە هەر هەوڵێک ڕاگەیاند کە ببێتە هۆی تێکدانی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment