هێزە ئەمنییەکانی سووریا کۆنترۆڵکردنی گرژییەکانی سەحنایەیان ڕاگەیاند

دوا بە دوای شەڕ و پێکدادانەکان لە شارۆچکەی سەحنایەی نزیک لە دیمەشق، هێزە ئەمنییەکانی کۆنترۆڵککردنی سەرجەم گرژییەکانی شارۆچکەکەیان ڕاگەیاند.
چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، حوسام تەحان، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی ئەمنیی ڕیفی دیمەشق، بە ئاژانسی هەواڵی فەرمیی سووریا "سانا"ـی گوت: ئۆپەراسیۆنی ئەمنی لە شارۆچکەی سەحنایە کۆتایی هات و لەپێناو پاراستنی ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە، هێزەکان لە ناوچەکەدا، جێگر کران.
لەلایەکی دیکەوە وەزارەتی دەرەوەی سووریا، ڕاگەیەندراوێکی لەبارەی هێرشەکانی ئەمڕۆی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری شارۆچکەکە بڵاو کردەوە و وێرای سەرکۆنەکردنی هێرشەکە، جەختی لە ڕەتکردنەوەی هەموو جۆرە دەستوەردانێکی دەرەکی کردەوە.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ، ئایڵ زەمیر، سوپاسالاری ئیسرائیل، لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو، کە فەرمانی بە سوپای ئیسرائیل کردووە کە خۆیان ئامادە بکەن بۆ هێرشکردنە سەر هێزەکانی حکوومەتی سووریا، لە ئەگەری بەردەوامبوونی شەڕ و پێکدادانەکان لە دژی درووزەکان.
ئەم ڕاگەیەندراوەی سوپاسالاری ئیسرائیلیش دوای ئەوە هات، کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە ڕایگەیاندبوو، پەلاماری گرووپێکی چەکداریان لە ڕیفی دیمەشق داوە، تا لەو ڕێگەیەوە پەیامێک بۆ حکوومەتی سووریا بنێرن.
سەر لە بەیانی ئەمڕۆ، جارێکی دیکە شەڕ و پێکدادان لە سووریا سەری هەڵدایەوە، ئەمجارە شارۆچکەی سەحنایە شایەدی پێکدادانی نێوان کۆمەڵێک چەکداری درووزی و ئەندامانی هێزە ئەمنییەکانی حکوومەتی سووریا بوو، لە ئەنجامدا 11 ئەندامی هێزە ئەمنییەکە کوژران.