کۆرۆنا زیانی 250 ملیۆن دۆلاری بە کەرتی گەشتیاریی سلێمانی گەیاندووە
کەرتی گەشتیاریی هێناوەتە خاڵی سفر

K24 - هەولێر
کۆرۆنا کەرتی گەشتیاریی هێناوەتە خاڵی سفر و، دەیان ملیۆن دۆلار زەرەری لە خاوەن پرۆژە گەشتیارییەکانی سنووری پارێزگای سلێمانی داوە.
ئارام شوانی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی ئەمڕۆ (پێنجشەممە، 6-8-2020) لە بەرنامەی رۆژباشی کوردستان24 گوتی "لە ساڵانی رابردوودا شاری سلێمانی پلەی یەکەمی بەدەستدەهێنا لەڕووی راکێشانی ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران و بەدەستهێنانی داهات، بەڵام ئەمساڵ کۆرۆنا هێناوینەتییەوە خاڵی سفر".
ساڵی رابردوو لەمکاتانەدا زیاتر لە ملیۆنێک و 100 هەزار گەشتیار روویان لە سنووری سلێمانی کردووە، بەڵام ئەمساڵ بەهۆی ئەو بارودۆخەی کۆرۆنا دروستی کردووە، وەک ئارام شوانی دەڵێ "تەنیا لە سەرەتای مانگی شوباتدا رێژەیەکی کەم گەشتیار روویان لە سنووری سلێمانی کردووە، کە ژمارەیان لە 100 هەزار گەشتیار تێنەپەڕیوە".
لە سنووری سلێمانی زیاتر لە 1300 خاوەن مۆڵەتی پڕۆژەی گەشتیاری هەبوون، لە ماوەی چەند مانگی رابردوودا، دەیان خاوەن مۆڵەتی گەشتیاری مامەڵەی پووچەڵکردنەوەی مۆڵەتەکانیان کردووە.
ئەم حاڵەتەی کۆرۆنا دروستیکردووە بەگوتەی گوتەبێژەکەی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری سلێمانی "بە ئاسانی ساڕێژ ناکرێت"، چونکە جگە لە زیانگەیاندن بە خاوەن پڕۆژە گەشتیارییەکان، سەدان دەستی کاریشی بێکار کردووە.
ئارام شوانی جەختیش دەکاتەوە لەوەی "بەگشتی تەنیا لە ماوەی شەش بۆ حەوت مانگی رابردوو، زیاتر لە 250 ملیۆن دۆلار زیان بە کەرتی گەشتیاری کەوتووە لە سنووری پارێزگای سلێمانی".