نەبەز ئیسماعیل: بە پاڵپشتیی دارایی سەرۆکی حکوومەت خزمەتی زیاتری حاجییان دەکرێت
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان دەڵێت: گەشتی حاجییان لە ڕێگەی فڕۆکە حەوت ملیۆن و لە ڕێگەی پاسیش پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینار دەستنیشان کراوە.
چوارشەممە 30ـی نیسانی 2025، نەبەز ئیسماعیل، گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینیی هەرێمی کوردستان، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: هەر کەسێک بە ڕێگەی نایاسایی بیەوێت گەشتی حەج بکات لێپێچینەوەی تووندی لەگەڵدا دەکرێت، هەر چەندە ئەمساڵ ڕێکارەکان بە شێوازێک تووند کراون، ئەستەم کەس بتوانێت بە نایاسایی گەشتی حەج بکات.
گوتەبێژی وەزارەتی ئەوقاف، ئاماژەی بەوە کرد، بە پاڵپشتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەوڵ دراوە خزمەتگوزاریی باشتر و هۆتێلی نزیکتر بۆ حاجییانی هەرێمی کوردستان دابین بکرێت.
هاوکات گوتیشی: گەشتی حاجییان لە ڕێگەی فڕۆکە حەوت ملیۆن و لە ڕێگەی پاسیش پێنج ملیۆن و 500 هەزار دینار دەستنیشان کراوە.
هەر ئەمڕۆ، نیاز ڕاغب نەقشبەندی، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوبەرایەتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، 16ـی ئایاری 2025، یەکەم کاروانی حاجییانی کوردستان بەرەو سعوودیە بە ڕێ دەکەون.
ئاماژەی بەوەش کردووە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوام پاڵپشتی پرۆسەی حەج و عومرەیە لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەمساڵیش مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕاسپارد کە بڕی چوار ملیار و 200 ملیۆن دینار پاڵپشتیی پرۆسەی حەج بکرێت تاوەکوو تێچووی حەج لەسەر هاووڵاتییان کەم بکرێتەوە.