ئەمەریکا چەند هێرشێکی ئاسمانیی کردە سەر پارێزگاکانی یەمەن

هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا پێگەکانی حووسییەکانیان لە شارۆچکەی ئەلحواک لە حودەیدە و چوار پارێزگای یەمەن بۆمباران کرد.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی حووسییەکان پشتڕاستیان کردەوە، کە زنجیرەیەک هێرش کراوەتە سەر سەنعا. هەروەها پشتڕاستیان کردەوە، چوار هێرشی ئاسمانی پێگەی حووسییەکانیان لە گەڕەکی ئەلنەهدە و سەربازگەی فیرقەی زرێپۆشی یەکەمی سەنعایان بۆمباران کردووە و  بارەگای ناوچەی سەربازیی ناوەندیی لە سەربازگەی ئەلسەواد لە باشووری سەنعا بۆمباران کراوە.

فڕۆکەکانی ئەمەریکا، ناوچەی سەرف سەر بە شارۆچکەی بەنی حەشیشیان، بۆمباران کرد، کە پێدەچێت شوێنی نیشتەجێبوونی سەرکردەکانی حووسییەکان بێت، ئەمە جگە لەوەی کەرەستەی سەربازی و شوێنی هەڵدانی مووشەکیان بۆمباران کردووە لە چەند شوێنێکی نهێنی تازە دروستکراو لە ناوچەی دار ئەلحەید لە شارۆچکەی ئەلحوسن لە باشووری سەنعا.

لە پارێزگای ئەلجەوف، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمەریکا، شەش هەڵمەتیان کردە سەر جبەخانەی حووسییەکان لە شارۆچکەی برت ئەلعەنان لە خۆرئاوای پارێزگاکە. هەروەها  18 پێگە و شوێنی شاردنەوەی مووشەکهاوێژەکانیان لە شارۆچکەی خلق و غەیل، بۆمباران کرد.

لە پارێزگای سەعدە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا پێگە و شوێنی حووسییەکانیان لە شارۆچکەی سەحەر بۆمباران کرد. هەروەها شوێنەکانی حووسییەکان و کۆگاکانی چەکیان لە سەربازگەی ماس لە شارۆچکەی مەجزەر لە باکووری پارێزگای ئەلمەئریب بۆمباران کرد.

وەزارەتی بەرگریی بەریتانیا ئەمڕۆ چوارشەممە، 30ـی نیسانی 2025، لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند "هێزەکانی بەریتانیا و ئەمەریکا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هاوبەشیان لە یەمەن کردووە."

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە، هەڵمەتەکە دوای درەنگانی شەو کراوە.

لای خۆیەوە پێت هێگسێت، وەزیری بەرگریی ئەمەریکا جەختی کردەوە ئێران باجی پشتیوانی لە حووسییەکان دەدات.

وەزیری بەرگریی ئەمەریکا لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایتی ئێکسی خۆی ئاماژەی بەوەش کردووە "پشتیوانیکردنتان بۆ حووسییەکان دەبینین، ئێمە بە تەواوی دەزانین چی دەکەن."

 هەروەها نووسیویەتی، ئێوە زۆر باش دەزانن سوپای ئەمەریکا توانای چی هەیە و ئاگادار کراونەتەوە، لە کات و شوێنێکدا، ئێمە هەڵیدەبژێرین باجەکەی دەدەن.

لەلایەکی دیکەوە بەرپرسێکی باڵای ئێران لە سەرەتای مانگی نیساندا ڕایگەیاندبوو، تاران بڕیاری کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی لە یەمەن و وەستاندنی پشتیوانییەکانی بۆ حووسییەکانی داوە. ئەمەش هاوکات بوو لەگەڵ چڕکردنەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمەریکا بۆ سەر حووسییەکان و دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداری داوەتە ئێران بۆ ڕاگرتنی پشتیوانییەکانی بۆ ئەو گرووپە.

ئەو بەرپرسە ئێرانییە پشتڕاستی کردەوە،  ئەم بڕیارە بە ئامانجی "دوورکەوتنەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ئەمەریکا لە ئەگەری کوژرانی سەربازێکی ئێرانی" دراوە.

حووسییەکان لە 15ـی ئادارەوە ڕۆژانە ڕووبەڕووی هێرشی ئەمەریکا دەبنەوە.

دۆناڵد ترەمپ، هێرشەکانی بە "سەرکەوتوویی باوەڕپێنەکراو" وەسف کرد و گوتیشی: ئامانجە سەربازییە گرنگەکانیانی لەناو بردووە و لە ئەنجامدا چەندان سەرکردەی سەربازی حووسی کوژراون.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment