ئاژانسی سانا: ئاگربەست لە جەرمانا و ئەشرەفیە سەحنایا کرا

ئاژانسی هەواڵی سووریا 'سانا' بڵاوی کردەوە، ڕێککەوتنێکی سەرەتایی کراوە بۆ ئاگربەستی شەڕ لە جەرمانا و ئەشرەفیە و سەحنایە لە لادێکانی دیمەشق، ئەمەش دوای پێکدادانی چەکداری لە نێوان هێزە ئەمنییەکانی سووریا و درووزەکان، کە بەهۆیەوە کوژراو و برینداری لێکەوتەوە.

سانا بڵاوی کردەوە، ئەو ڕێککەوتنە، لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کراوە کە پارێزگارەکانی گوندەواری دیمەشق و سوەیدا و قونەیتەرە و هەروەها ژمارەیەک کەسایەتی کۆمەڵایەتی، ئامادەی بوون.

ئاژانسی سانا، لە زاری عامر شێخ، پارێزگاری گوندەواری دیمەشقەوە بڵاوی کردەوە، کە لەگەڵ پارێزگارەکانی سوەیدا و قونەیتەرە سەردانی ئەشرەفیە سەحنایایان کردووە و لەگەڵ کەسایەتییە کۆمەڵایەتییەکان کۆبوونەتەوە و جەختیان لەسەر گەڕانەوەی دامودەزگاکانی حکوومەت کردەوە.

عامر شێخ گوتی: "پاراستنی ئاسایشی سووریا لە ئەستۆی هەموو لایەنێکە."

ئاماژەی بەوەش کرد "ئاسایشی گشتی ژمارەیەک کەسی لە یاسا دەرچووی لە ئەشرەفیە سەحنایا دەستگیر کردووە و دەبێت چەکە تەنیا لە دەستی دەوڵەتدا بێت."

هەروەها دووپاتیان کردەوە "بەرانبەر بە سووکایەتیکردن بە پیرۆزییە ئاینییەکان و بەتایبەتی پێغەمبەر (د.خ) کردەوە، نابوورین و نەرمیی نانوێنین."

عامر، ڕوونیشی کردەوە، فڕۆکەیەکی ئیسرائیلی بۆمبارانی هێزە ئەمنییەکانی لە ئەشرەفیە سەحنایا کردووە و  لە ئەنجامدا ئەفسەرێکی ئەمنی کوژراوە.

دوێنێ چوارشەممە، 30ـی نیسان، ئیسرائیل هێرشی ئاسمانیان کردە سەر گوندەواری دیمەشق و ناوچەی ئەشرەفیە و سەحنایا. 

 

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment